بڕیارێکی گرنگ لە فیفاوە بۆ هەڵبژاردەکانی مۆندیال

AM:09:51:24/06/2022

652 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فیفا بڕیاڕێکی گرنگ دەردەکات و ژمارەى یاریزانان لە لیستی هەڵبژاردەکانی مۆندیال بۆ 26 یاریزان زیاد دەکات.

یارییەکانی مۆندیالی قەتەر لە 21ی مانگی تشرینی داهاتوو تا 18ی کانوونی یەکەم بە بەشداری 32 هەڵبژاردە کە دابەشبوون بەسەر هەشت کۆمەڵەدا بەڕێوە دەچێت و فیفاش بۆ ڕێگرتن لە ئەگەری بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ژمارەى یاریزانەکان لە لیستی هەڵبژاردەکانی بەشداربوو لە مۆندیالدا زیاد دەکات.

لەو باریەوە یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد، بڕیاریانداوە لیستی سەرەتایی یاریزانانی هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیالی قەتەر لە 35 یاریزانەوە بۆ 55 یاریزان زیاد بکەن، هاوکات لیستی کۆتایی یاریزانانیش پێش دەستپێکردنی مۆندیال لە 23 یاریزان بۆ 26 یاریزان بەرز دەکەنەوە.

فیفا بڕیاریشدا کۆی یاریزانانی یەدەگ لە پێکهاتەى هەڵبژاردەکان لەسەر کورسی یەدەگ بۆ هەر هەڵبژاردەیەک بکەنە 15 یاریزان، تا ڕێگری بکەن لە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەى کۆرۆنا لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا، لە هەمان کاتیشدا فیفا دووپاتیکردەوە، دوا یاری یاریزانانی یانەکانی بەشداربوو لە ڕیزی هەڵبژاردەکانیان لە مۆندیالدا 13ی مانگی تشرینی دووەم دەبێت.