سەردێڕ:

دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شووبات دەکرێت

AM:11:10:28/03/2024

134152 جار خوێندراوەتەوە

دوای دووهەفتە لە دەستبەسەراگرتنی پارەکەی بەغدا لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. دەشڵێت، "لیستی مووچە وەک مانگەکانی رابردوو دەبێت".


ئەمرۆ پێنجشەممە، دوای تێپەڕبوونی دوو هەفتە بەسەر دەستبەسەراگرتنی مووچەی مانگی شوبات لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، بڕی ٦١٢ ملیار دینار لە لقی بانکی ناوەندی هەولێرەوە گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر و بڕیاریشە رۆژی یەکشەممە ٣١ـی ئازار دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان، رۆژی ٣١ـی ئازار وەک یەکەم وەزارەت دەست بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی و یەکەی ٧٠ و٨٠ و وەزارەتی دارایی ئابووری دەکرێت.

رۆژی دوشەممە ١ـی نیسان، مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و کەسوکاری شەهدان و ئەنفالکراوان دابەشدەکرێت و وەک سێیەم وەزارەتیش وەزارەتی پەروەردە مووچەکانیان لە رۆژی سێشەممە ٢ـی نیسان مووچەکانیان وەردەگرن.

بە پێی زانیارییەکان، مووچەی هەریەک لە وەزارەتی کارەبا و خوێندنی باڵا وسەرۆکایەتی هەرێم و خانەنشینان لەکۆتایی لیستی دابەشکردنی مووچەدا دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی دوو هەفتەیە بەغدا پارەی مووچەی مانگی شوباتی رەوانە کردووە، بەڵام لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر و قوباد تاڵەبانی جێگری و بە رەزامەندی سەرجەم وەزیرەکان دەست بەسەر پارەکەدا گیرابوو.

هێرش قادر- هەولێر












گەلەری