سەردێڕ:

ئۆکرانیا و رووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە

PM:11:57:27/03/2024

1820 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا لە رێگەی ١٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی خارکیڤ. بەرپرسانی رووسیاش دەڵێن،" ئۆکرانیا لە رێگەی ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر خاکی رووسیا".


ئەمڕۆ چوارشەممە میکۆلا ئەولیشۆک فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانی سوپای رووسیا بەردەوامن لە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی ئۆکرانیا و هێرشەکانیان چڕتر کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانی رووسیا لە رێگەی ١٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی خارکیڤ و توانیویانە ١٠ دانەیان تێکبشکێنن پێش ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن.

هاوکات، بەرپرسانی روسیا رایانگەیاند، لە باشووری روسیا ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزەکانی ئۆکرانیایان تێکشاندووە پێش ئەوی ئامانجەکانیان بپێکن.

لە ٢٤ـی شووباتی ٢٠٢٢، بە فرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی زەمینیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپیکرد و لەو کاتەوە بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون بەهۆی جەنگەوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە، هەردوو وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هێرشەکانیاندا.













گەلەری