رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەلایەن خێزانەکان و کۆمپانیاکانەوە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا، رۆژانە ملیارێک ژەمە خۆراک فڕێ دراوە و لە ماوەی تەواوی ساڵەکەدا بڕی زیاتر لە یەک ملیار تۆن خۆراک فڕێ دراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی تایبەت بە بەفیڕۆدانی خۆراک بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بەهەدەردانی خۆراک کارەساتێکی جیهانییە، ملیۆنان کەس بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن بەهۆی بەفیڕۆدانی خۆراک لە هەموو جیهاندا.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەلایەن خێزانەکان و کۆمپانیاکانەوە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا، بە
بەهای زیاتر لە تریلۆنێک دۆلار خۆراک فڕێ دراوە و بەهەدەر دراوە، لەکاتێکدا نزیکەی
٨٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن.
ئەوەش خراوەتە روو، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا رۆژانە ملیارێک ژەمە خۆراک لەلایەن خێزانەکانەوە
فڕێ دراوە و لە ماوەی تەواوی ساڵەکەدا بڕی زیاتر لە یەک ملیار تۆن خۆراک فڕێ دراوە.
باس لەوەش کراوە، ئەو کۆمپانیایانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن وەک هۆتێل و
چێشتخانەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە رێژەی ٢٨٪ خۆراکیان بەفیڕۆ داوە و بازرگانە تاکەکەسییەکانیش
بە رێژەی ١٢٪ خۆراکیان بەفیڕۆ داوە، بەڵام گەورەترین بەفیڕۆدەری خۆراک خێزانەکان
بوونە کە بە رێژەی ٦٠٪ خۆراکیان بەفیڕۆداوە و کە دەکاتە نزیکەی ٦٣١ ملیۆن تۆن.