سەردێڕ:

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ: هاتنی پارەی مووچە لە بەغداوە بەردەوام دەبێت

PM:08:07:27/03/2024

1952 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وا بڕیارە تاوەکو رۆژی جەژن بەغدا بڕێک پارەی دیکە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات. دەشڵێت،" بەغدا بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیارە کارئاسانی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".


ئەمڕۆ چوارشەممە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە پرۆگرامی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بڕیارە بەغدا بەردەوام ببێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری داوە کارئاسانی بکات و بەشێوەیەکی یاسایی کێشەکە چارەسەر بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دنیادا نەهاتووە بەزۆر مووچەخۆران ناچار بکرێن کە لە بانکێکی دیاریکراوەوە مووچە وەربگرن و دەبێت مووچەخۆران سەرپشکبن کە هەژماری من بەکاردەهێنن یاخوود نا.

وتیشی،" وابڕیارە تا جەژن بڕێکی دیکەی پارە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و حکومەتی عێراقی لە ئامادەکارییەکاندایە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە رەوانەی هەرێم بکات".

ئەوەشی خستە روو، زیاد لە ١٧ رۆژە حکومەتی عێراق پارەی رەوانەی هەرێمی کورستان کردووە، بەڵام بە بڕیاری مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دەستی بەسەردا گیراوە.

سروە عەبدولواحید باسی لەوەش کرد، "خەڵکی بۆیان دەرکەوتووە پارتی و یەکێتی لە کاتی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا سەرقاڵی ئەوەن هەندێک شت وەک دەستکەوت بە خەڵکی بفرۆشنەوە، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردنی رابردووشدا بەڵێنی ئەوەیان بە خەڵکی دەدا کە زەوی بەسەر خەڵکیدا دابەش دەکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری ئەوەی داوە هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و ئەوەی لەسەر هەرێم ئەرکە تەنها ناردنی لیستی مووچەخۆرانە بۆ بەغدا.

وتیشی، "وەزیری دارایی عێراق بەو مەرجە مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەنێرێت هەردوو دیوانی چاودێری عێراق و هەرێم پەسەندی بکەن".

ئەوەشی خستە روو، خەڵکی هەرێمی کوردستان متمانە بەوە ناکەن پارە لە بانکەکانی ئەم دوو حزبەوە وەربگرن.

باسی لەوەش کرد، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە فراکسیۆنی نەوەی نوێی راگەیاندووە، ناتوانن بە پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق کار بکەن و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگاکەوە.

وتیشی، "نەوەی نوێ لە گەڵ حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە کێشەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان بەشداری هەڵبژاردن بکەن و هێزێکی نوێ تاقی بکەنەوە و بۆ ئەوەی خەڵکی لەم مەینەتییە رزگاریان ببێت.

وتیشی،" کۆمسیۆنی عێراق ئامادەیە بۆ ئەوەی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوە ببات و بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی، پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردن دەترسن بۆیە تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردەوە و ئەگەر هەڵبژاردن نەکەن دۆخەکە خراپتر دەبێت".

ئەوەشی خستە روو، تەنها ئومێدیان بۆ گۆڕانکاری هەڵبژاردنە و حزبێکی مەدەنین و ئەمجارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جیاوازترە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە، چونکە کۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەبات.

باسی لەوەش کرد، هیچ حزبێک وەک نەوەی نوێ ئامادە نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە نەوەی نوێ حزبێکە درۆی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نەکردووە و پارە و قوتی خەڵکی نەخواردووە.

سەبارەت بە بارودۆخی عێراق، سروە عەبدولواحید وتی،" لە ئێستادا باردودۆخی عێراق ئاساییە و حکومەتی عێراق بەردەوامە لە ئەنجامدانی چاکسازییەکانی و لەم چەند ساڵەدا کاری باشی بۆ خەڵکی کردووە".













گەلەری