سەردێڕ:

کشتوکاڵی هەرێم: پێشبینی دەکەین گەنمی ئەمساڵی هەرێم بگاتە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تۆن

PM:06:03:27/03/2024

912 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی بارانبارین لە ناوچەکەدا زۆر بوو، بەرهەمهێنانی گەنم و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان گەشەیان کردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت بەروبوومی گەنمی ئەمساڵ لە هەرێم بگاتە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تۆن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە ئەمساڵ حکومەتی عێراق شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جوتیاران بکڕێت و هەوڵ دەدرێت بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕێکی زیاتر لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.

وتیشی، "هەر تۆنێکی گەنم بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جووتیاران دەکڕدرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٣ـی ئەم مانگە، نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق نرخی وەرگرتنی گەنمی لە جوتیاران بۆ ئەمساڵ دیاری کردووە ھەر تۆنێک گەنم بە ٨٥٠ ھەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرن. وتیشی، "لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی عێراق لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەموو گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگرن".

لە سەرەتای ئەمساڵیشدا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی چەند رێکارێکی نوێوە هەوڵدەدەن ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم لە عێراق بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەرز بکەنەوە.













گەلەری