سەردێڕ:

پۆلیسی داقوق: پاش دوو رۆژ گەڕان بە دوایدا گەنجێک بە کوژراوی دۆزرایەوە

PM:01:24:26/03/2024

3536 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بنکەی پۆلیسی داقوق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پاش دوو رۆژ گەڕان بەدوایدا ئەمڕۆ تەرمی گەنجێکیان دۆزیوەتەوە کە لە رووداوێکی تەقەکردندا لە گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی بێسەروشوێن ببوو.


ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێک لە بنکەی پۆلیسی داقوق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەرمی گەنجێکیان لە زەوییەکی کشتوکاڵی لە سنووری داقوق دۆزیوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە لەدوای ئەوە دێت دوو شەو پێش ئێستا لە گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی دوو گەنج بە سواری ماتۆڕسکیلێک هەوڵیان داوە لە گوندەکەوە بچنە داقوق، دواتر لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقەیان لێ کراوە و هەردووکیان بریندار کراون، کەسێکی دیکەش کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بووە بێسەروشوێن بووە.

باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی بەردەوامی گەڕان بۆ ماوەی دوو رۆژ، ئەمڕۆ تەرمی ئەو گەنجەیان دۆزیوەتەوە کە لە رووداوەکەدا بێسەروشوێن ببوو.

ئەوەشی خستە روو، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکە دەستی پێکردووە و تا ئێستا پێنج کەس کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە رووداوەکەوە هەبێت دەستنیشان کراون و لە ئێستادا سێ کەسیان دەستگیر کراون و دوانیان دەستگیر نەکراون. وتیشی، "یەکێک لەو سێ کەسە لە سلێمانی دەستگیرکراوە".

لەو بارەیەشەوە، پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، هۆکاری تەقەکردنەکە بەهۆی ترس بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەی کۆمەڵایەتی و ئەمن و ئاسایشەوە نەبووە.

 

سۆران محەمەد – کەرکوک













گەلەری