سەردێڕ:

کەی مووچە دابەش دەکرێت؟

PM:12:39:09/05/2024
36844 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+ -

دەڕۆیتە هەر مەجلیسێک ئەم پرسیارەت لێدەکەن، کەی مووچە دێت؟ ئەمە پرسیاری زۆرینەی مووچەخۆرانە لەم نوسینەداهەوڵدەدەم چەند سەرنج و زانیارییەک لەسەر مووچەو بەبانککردنی موچە تەوتین بخەمەڕوو.

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە بەهۆی سیاسەتی پارتی و یەکێتی بەدەستپێکردنی ئابوری سەربەخۆ وفرۆشتنی نەوت سەرەتا بەتەنکەرو دواتریش لەرێگەی بۆڕییەوە،چارەسەرنەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێم.

مووچە لە مافێکی سەرەتایی و بنەڕەتی مامۆستاو فەرمانبەرانەوە گۆڕدراوە بۆ مزگێنی و هەواڵی بەپەلەی سایت و تەلەفزیۆنەکان، وای لێهاتوە سەردێڕی هەواڵی ٢٨ رۆژ لە٣٠ رۆژی مانگ ببێتە هاتنی یان نەهاتنی مووچە، ئەمەش بەڕای من قەیرانێکی دەستکردی حکومەتی هەرێمە بۆ مەشخوڵکردنی خەڵک و درووستکردنی سترێس لەسەر هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بیریان بەلای شتی دیکەدا نەچێت.
ئەگینا هەموو ساڵێک لەکاتی پەسەندکردنی بودجەی عێراقدا بەرپرسە حکومیەکان و وەزیرەکان لەدوای دەیان کۆبونەوە،وەفد و وەفدکاری مژدانەی ئەوەیاندەدا لەسەر هەموو شتێک لەگەڵ بەغدا رێککەوتوین،دواتریش رێککەوتنەکان وەکو حبری سەر کاغەز دەمانەوەو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی پارتی و یەکێتی پێوەی پابەندنەدەبوون.

ئەوەی زانیاری بێت لەلای من، محەمەد شەیاع سودانی لە پێش سەردانەکەیەوە بۆ ئەمریکا بەڵێنی ئەوەیداوە مووچە بنێرێت،موچەی دوو مانگ هاتووەو بەپێی زانیاریەکان دواکەوتنی موچەی سێیەمیش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پێداچونەوەی لیستەکان(کە گۆڕانکاری تێدا درووست بووە) بەشێکی دیکەشی ململانێی هەردوو حکومەتە لەسەر بەبانککردنی مووچە(تەوتین)وهەژماری من.

بەغدا هەنگاوێک لەپێشەوەیە،چونکە یەکەم خۆی سەرچاوەی دابەشکردنی پارەکەیە ودوەمیش پشت ئەستوورە بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کەتێیداهاتووە مووچە لەرێگەی بانکە فیدراڵیەکانەوە دابەشبکرێت.

ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەرکێشە بۆ بەغدا درووست نەکات کەپێویستیان بەسەقامگیری سیاسیە بەتایبەت لەدوای لادانی حەلبوسی وکێشەی دانانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەواتاکۆتایی تەمەنی ئەمکابینەیە عێراق مووچەی هەرێم دەنێرێت.

دووخاڵ پێدەچێت دۆخەکە لەفەرمانبەران تێکبدات،یەکەم پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من و پرسی داهاتی ناوخۆیی.

لەوەی یەکەمدا هەرێم رەزامەندی لەسەر تەوتین داوە لە ڕێگەی(TBI)، بەڵام هێشتا ئومێدبڕاونەبوە لەهەژماری من وبەردەوامە لە پڕکردنەوەی فۆرم بە فەرمانبەران، لەسنوری سلێمانیشدا فۆرم پڕکردنەوە بەردەوامەبەڵام بەپلەیەکی کەمتر.

حکومەتی هەرێم دوو زاری بەدەستەوەیە بەو ئومێدەی یەکێکیان بیگرێت،یەکەم بانکی تی بی ئای بێتە ناو هەژماری من، دووەم بەو پێیەی نزیکەی ٣٠٠هەزار کەس هەژماری منیان پێ پڕکراوەتەوە، هەژماری من ببێتە ئەمری واقیع و بەغدا رازی بێت پرۆسەکە ئیختیاری بێت واتا فەرمانبەرسەرپشک بێت لەنێوان تەوتین و هەژماری مندا ئەو کات فەرمانبەر کامیانی بوێ ئەوە پڕ بکاتەوە، بانکی تی بی ئای ئەوەی یەکەمی رەتکردەوەو بەبوونی بڕیارەکەی دادگاش پێناچێت بژاردەی دووەمیش سەربگرێت،ئیتر حکومەتی هەرێم سەر ئێشەی تردرووست بکات یان نازانم، بەڵام ئەوەی روونە تاکە زیانمەند لەم مکوڕبونەی حکومەتی هەرێم فەرمانبەرانی هەرێمەکە جارێکی مووچەکانیان دەکەوێتە قوڕگی شێرەوە و تاکە لایەنی سوودمەندیش بانکەکانی سەربەخۆیانە.

لەپرسی داهاتی ناوخۆیشدا هەرێم چەند جارێکە رەزامەندی دەربڕیوە، بەڵام موماتەڵە دەکات رۆژێک لەسەر جۆرەکانی داهات و رۆژی داهاتووش لەسەر قەبارەکەی، هەستەکەم کێشەی سەرەکی لەئێستادا رێژەو قەبارەی داهاتەکەیە.

ئەگەر تا دوێنێ ململانێی ژمارەکان و جیاوازی لەداتاکان لە نێوان ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات بووبێت ئەوا ئەمڕۆ جیاوازی لەژمارەکان کەوتوەتە کەوتوەتە نێوان سەرۆکی حکومەت و وتەبێژو وەزیری داراییەکەیان.

خوا بکات بەهۆی ئەو جیاوازیەش موچەی یەک دوو مانگی ئێمە نەبێتە قوربانی وەک ساڵی رابردوو کە سێ موچەمان فت کرا.

 

گەلەری