سەردێڕ:

ئاریان تاوەگۆزی: پێویستە لە هەڵبژاردندا هاوڵاتیان و مووچەخۆران تۆڵە لە دەسەڵاتداران بکەنەوە

PM:11:59:24/03/2024

1380 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەر مووچەی مووچەخۆراندا گرتووە و دابەشی ناکات. دەشڵێت، پێویستە لە هەڵبژاردندا هاوڵاتیان مووچەخۆران تۆڵە لە دەسەڵاتداران بکەنەوە.


ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی پانۆراما لە ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی کاربەڕێکەر بەبێ ویژادانانە لە مانگی رەمەزاندا مووچەی مووچەخۆرانی لای خۆی گلداوەتەوە و دابەشی ناکات.

ئەوەشی خستە روو، ئەوان کێشەی خەڵکی هەرێم بە کێشەی خۆیان دەزانن و لە بەغدان بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی پارتی و یەکێتی بۆ هاوڵاتیانی دروست دەکەن و لە ماوەی رابردووشدا پێشنیازێکیان پێشکەش بە محەمەد شیاع سودانی کرد بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکەکانی عێراقەوە و دواتریش دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە بڕیارێکی دا.

باسی لەوەش کرد، "ناهێڵین یەکێتی و پارتی پارەی مووچەخۆران بە بارمتە بگرن و لەم مانگی رەمەزانەدا مووچەی هاوڵاتیان دابەش نەکەن و لە راگەیاندراوێکدا داوامان کردووە حکومەتی ناوەند و حکومەتی کاربەڕێکەر پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بن".

ئاریان تاوەگۆزی راشیگەیاند، جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەنگی دەنگدەرانی خۆی بەفیڕۆ نەداوە و لە بەغدا بەردەوامە لە بەرگریکردن لە مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێم و پێویستیشە هاوڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا گۆڕانکاری دروست بکەن و کۆتایی بە کێشەکانی مووچە و بڕینی قوتی هاوڵاتیان بدەن و سزای پارتی و یەکێتی بدەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوڵاتیان هەرێم بەهۆی دروست بوونی قەیران و برسێتییەوە ئاگای لە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی نەماوە و یەکێتی و پارتیش جگە لە دووبارەکردنەوەی دروشمە سواوەکانیان هیچیان بۆ هاوڵاتیانی هەرێم پێ نییە. دەشڵێت، "هاوڵاتیان بە دەنگەکانیان دەتوانن کێشەکانیان بە ئێمە بسپێرن و حکومی ئێمە تاقی بکەنەوە تا کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین".













گەلەری