سەردێڕ:

ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تێدەپەڕێت؛ زیانەکانی چی بوون؟

PM:10:52:24/03/2024

888 جار خوێندراوەتەوە

ساڵێکە نەوتى هەرێم راگیراوە، کۆمپانیاکان دەڵێن ١١ ملیار دۆلار زیانى هەبووە و تا ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەى دیاری نەکراوە، بەڵام پارتى و یەکێتى لە رێگەى تەنکەرەوە بەردەوامن لە بە قاچاخ فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەشى بۆ خۆیان هەڵدەگرن.


ساڵێکە نەوتى هەرێم راگیراوە، کۆمپانیاکان دەڵێن ١١ ملیار دۆلار زیانى هەبووە و تا ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەى دیاری نەکراوە، بەڵام پارتى و یەکێتى لە رێگەى تەنکەرەوە بەردەوامن لە بە قاچاخ فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەشى بۆ خۆیان هەڵدەگرن.

ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی نییە، لە بەرامبەردا پارتى و یەکێتى لە رێگەى تەنکەرەوە بەردەوامن لە بە قاچاخ فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەشى بۆ خۆیان هەڵدەگرن و حکومەتەکەیان لە مووچەى شەش مانگى رابردوو تەنها یەک مووچەى دابەش کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمەڵەى پیشەسازى نەوتى کوردستان ناسراو بە "ئەپیکۆر" رایگەیاند، ساڵێکى تەواوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە و لەو ماوەیەشدا زیانى ١١ ملیار دۆلارى هەبووە. واتە داهاتى مانگانەى نەوتى هەرێم زیاتر لە ٩١٦ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام کەمتر لە ٣٥٠ ملیۆن دۆلارى دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەى حکومەت، بۆیە حکومەتى کاربەڕێکەر ئەو سەردەمەش نەیدەتوانى مووچەى مانگانە دابەش بکات.

ئەپیکۆر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە، لەگەڵ حکومەتى عێراق لە گفتوگۆدان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم و داواشیان لە ئەمریکا کردووە فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەى دەست بە هەناردەى نەوتى هەرێم بکرێتەوە.

رۆژى ٢٥ـی ئازارى ٢٠٢٣ و بە بڕیارى ژووری ناوبژیوانى دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێم کە ٤٥٠ هەزار بەرمیلى رۆژانە بوو راگیرا، مانگى ئەیلولى ٢٠٢٣ـش تورکیا رایگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم، بەڵام تا ئێستا بەهۆى داواکردنى پارەیەکى زۆرەوە لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە لە عێراق، هەناردەى نەوت دەستى پێنەکردووەتەوە.

راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم لەکاتێکدا یەکێتى و پارتى لە رێگەى تەنکەرەوە بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت و بەپێى زانیارییەکان رۆژانە نزیکەى ٢٩٠ هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ دەبەنە دەرەوەى سنورى هەرێم و داهاتەکەشى نزیکەى ٣٥٠ ملیار دینارە و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.

لە ناوەڕاستى ٢٠١٥ـدا دەسەڵاتى هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەستى کرد بە هەناردەى نەوتى هەرێم و ناوی لێنا ئابورى سەربەخۆ، بانگەشەى ئەوەیان دەکرد لە رێگەى فرۆشتنى نەوتەوە ئابورى هەرێم بەهێز دەکەن و مووچەى فەرمانبەران زیاد دەکەن، بەڵام لەوکاتەوە مووچەى فەرمانبەران مانگانە دابەش ناکرێت و بەبێ هیچ دەستکەوتێک بۆ خەڵک، ٣٢ ملیار دینارى قەرزى بەداوادا هات و ئەنجامەکەشى راگرتنى نەوتەکە بوو، پاشانیش مەلەفەکە درایە بەغدا و لەو کاتەوە حکومەتى عێراق گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانى بەرهەمێنەرى نەوت و تورکیا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، بەڵام تائێستا رێککەوتنى کۆتایی لەسەر نەکراوە.













گەلەری