سەردێڕ:

ئایا مانگی رەمەزان یارمەتیدەرە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان؟

PM:09:27:17/03/2024

1144 جار خوێندراوەتەوە

مانگی رەمەزان دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ دەستپێکردنی هەندێک خووی تەندروست، و وازهێنان لە خووی خراپ، لەوانەش جگەرەکێشان.


لە بابەتێکی ماڵپەڕی " webteb" دا باس لەوە دەکات کە یەکێک لە خووە دیارەکان کە دەتوانرێت لە مانگی ڕەمەزاندا وازیلێبێنیت جگەرەکێشانە، کە کاریگەریی زیانبەخشی لەسەر جەستە هەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە جگەرەکێش لە مانگی ڕەمەزاندا بەزۆری لە ماوەی کاتژمێرەکانی ڕۆژوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە، دیارترینیان بریتین لە کەمی تەرکیز، گرژبوونی بەردەوام، دەمارگیری لە ڕادەبەدەر، و بێهێزی، جگە لە تێکچوونی خەو و زیادبوونی ئارەزووی خواردن کە هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە خووگرتنی جگەرە کێشانەوە هەیە.

جێگای باسە ئەم نیشانانە کە جگەرەکێشێکی بەڕۆژوو ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەزۆری لە یەکەم ڕۆژەکانی بەڕۆژووبووندایە زۆر بەرچاو و ڕوونن، پاشان وردە وردە لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژدا کەمدەبێتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی نیکۆتین لە جەستەدا، لەم کاتەدا جگەرەکێش دەتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان.

هەروەها ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکرێت کە لە مانگی ڕەمەزاندا هەوڵی وازهێنان لە جگەرەکێشان دەدەن خواردنی ڤیتامین A و ڤیتامینزیاد بکەن، هەروەها ئاوی پرتەقاڵ و سپێناخ و بیبەری سوور و برۆکلی و گێزەر و شووتی بخۆن، بۆ باشترکردنی لایەنی دەروونی و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە دژی نەخۆشییەکانی سییەکان و کۆئەندامی هەناسەدان.

باسیشیان لەوە کرد ڕۆڵی خێزان زۆر گرنگە چونکە یارمەتیدەری جگەرەکێشەکە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان، لە ڕێگەی ڕزگارکردنی لە هەر فشارێک یان گرژییەکی دەمارگیری، هەروەها دابینکردنی کەشێکی باش و گونجاو بۆی کە یارمەتی دەدات واز لەم خووە بهێنێت.

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بزانین کە پرۆسەی وازهێنان لە جگەرەکێشان ئاسان نییە، و پێویستی بە ئیرادە و ئارامگرتن هەیە، هەروەها کاتێکی زیاتر بە خۆت بدەیت بۆ کۆنترۆڵکردنی هەستەکانت و ژیانت و تەندروستیت.













گەلەری