سەردێڕ:

رێبوار ئەورەحمان: نەوەی نوێ بێدەنگ نەبووە لەو ستەمەی لە مووچەخۆران کراوە و سکاڵامان تۆمار کردووە

PM:08:12:17/03/2024

1508 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە دزراوە و ئەرکی نەوەی نوێیە سکاڵا تۆمار بکات. دەشڵێت،" خۆمان بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەو ستەمەی لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت بۆیە سکاڵامان تۆمار کردووە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، رێبوار ئەورەحمان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، بەغدا داوای لیستی فەرمانبەرانی کردووە و هەرێم لیستەکانی بەنیوە ناچڵی ناردووە و تاوەکو ئەمڕۆ لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان نەنێردراون بۆ بەغدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمەوە دزراوە و ئەرکی نەوەی نوێیە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات.

دەشڵێت،" نەوەی نوێ خۆی بە بەرپرس دەزانێت لەفەرمانبەرانی هەرێم بۆیە سکاڵامان لەمەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تۆمارکردووە و بەپێی یاسای عێراقی شوێنی رووداوەکە بەغدایە بۆیە سکاڵامان لەدادگای کەرخ تۆمارکردووە ".

ئەوەشی خستە روو، هاوڵاتیانی هەرێم لە ١٠ـی٦ بەدەنگێک دەتوانن کۆتایی بەم ستەم و چیرۆکە تراژیدییە بهێنن و خاڵی سەرەکی لەگۆڕانکاری ریشەییدا بەشداریکردنی هاوڵاتیانە.

رێبوار ئەورەحمان راشیگەیاند، تاکە چەکێک بەدەست پارتی و یەکێتیەوە ماوە بێ ئومێدکردنی خەڵکە و دواکەوتن و نەدانی موچە شکستی حکومڕانی پارتی و یەکێتیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵوێستی پارتی و یەکێتی لاوازە، چونکە رێزیان لە مووچەخۆر و هاوڵاتیانی هەرێم نەگرتووە، پارتی و یەکێتی دامەزراوەی بەهێزیان لە هەرێم دروستنەکردووە ئەوەش لاوازی کردوون.

دەشڵێت، "وەزیری دارایی عێراق داوایکردوە فەرمانبەرانی هەرێم لەبانکەکانی رەشیدو رافیدەین مووچە وەربگرن و وتوویەتی ئەگەر هەرێم لەپرۆژەی هەژماری من پاشەکشە نەکات بەغداش تەمویلی وەزارەتەکان ناکات".

ئەمڕۆ،فراکسیۆنی نەوەی نوێ، دژی پێنەدانی مووچەی مووچەخۆران و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچە، سکاڵای دژی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تۆمار کرد.













گەلەری