سەردێڕ:

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریەکانی هاوپەیمانان کەمیکردووە

AM:11:15:12/01/2024

5572 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بە رێژەی ٢٥٪ کەمی کردووە ، دەشڵێت'' هاوکاریەکان تا ساڵی ٢٠٢٦ بەتەواوەتی کۆتایان پێدێت''.


بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە لێدوانێکیدا بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کورتهێنانە چارەسەر بکات کە لە بودجەی هێزەکانی پێشمەرگەدا دروست دەبێت، چونکە هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بە رێژەی ٢٥ ٪ کەمی کردووە بۆ ئەمساڵ.

ئەوەشی خستووەتە روو، ساڵانە هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کەم دەبێتەوە بەڕێژەی ٢٥ ٪ واتە لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتاییان پێدێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کەمکردنەوەی هاوکاریەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر وەزارەتەکەیان.

هەر لەو بارەیەوە لە هەفتەی رابردوودا پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرژیانەوە کە رێگربوون لەبەردەم یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، ئەمریکا بڕیاری داوە ئەو پارەیەی مانگانە خەرجی دەکات بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە ٢٠ ملیۆن دۆلارەوە کەمی بکاتەوە بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار.

دوێنی پێنجشەممە، مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوکارییەکانیان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببێت بە هێزێکی یەکگرتوو.

لە ماوەی رابروودا، چەندان جار ئەمریکا و هاوپەیمانان و ئەمریکا نیگەرانی خۆیان لە یەکنەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕیوە و هۆشدارییان داوەتە هەرێم بۆ چاکسازیکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تاوەکو ببێتە هێزێکی نیشتیمانی یەکگرتوو و ئەگەر نا هاوکارییەکانیان رادەگرن.

هاوپەیمانان، لەساڵى ٢٠١٧ـەوە مانگانە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلار وەک موچە دەدەن بەو لیوا هاوبەشانەى خراونەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە و بەردەوام داوا دەکەن تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە تا هاوکارییەکانیان تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە بگرێتەوە.













گەلەری