سەردێڕ:

لە عێراقەوە؛ بڕیارێک لەبارەی دامەزراندنەوە

PM:11:57:26/09/2021

10996 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی راژەی عێراق دامەزراندنی سێ چین و توێژی راگەیاند، کە بریتین لە دەرچووە یەکەمەکان و ئەو کەسانەی بڕوانامەکانیان بەرزە، لەگەڵ ئەو کەسانەی پیشەی پزیشکییان هەیە.


مەحمود تەمیمی سەرۆکی راژەی خزمەتگوزاری عێراق لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، دامەزراندن تەنها لەلای ئەنجومەنی خزمەتگوزارییەوە دەبێت و هیچ جێگایەکی دیکە رێگاپێدراو نییە بە هەستان بە ئەنجامدانی ئەو بابەتە.

باسی لەوەشکردووە، ئەم دامەزراندنە سێ لایەن دەگرێتەوە، کە بریتین لە خوێندکارە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئەو کەسانەی بڕوانامەکانیان بەرزە واتە ماستەر یان دکتۆرایان هێناوە، لەگەڵ ئەو کەسانەی یاسای ژمارە شەش دەیانگرێتەوە، کە یاساکە بریتییە لە دامەزراندن بۆ ئەو کەسانەی پیشەی پزیشکی و تەندروستییان هەیە و یاسای هەموارکراوی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٠ دەیانگرێتەوە، کە نمرەی پیشەییان حەوت هەزار و ٥٠ بێت.

مەحمود تەمیمی دەشڵێت، بابەتی گرنگ لەلای ئەوان ئەوەیە کە گرنگی بە ئەرکەکانی ئەو کەسانە بدرێت کە دادەمەزرێندرێن، چونکە وەک خۆی دەڵێت، ئەوە گرفتی سەرەکی فەرمانگەکانە و گرنگیدان بە ئەرکە ئیدارییەکان و پەیکەری ئیداریان لە فەرمانگەکاندا کەمە و رێژەی ٨٠٪ی فەرمانگەکان پەیکەری ئەرکەکانیان پێشکەش بە ئەنجومەنەکە نەکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان خوێندن تەواودەکەن و بەشێکی زۆریشیان نە لەکەرتی گشتی و نە لەکەرتی تایبەتدا دەرفەتی کارکردنیان بۆ ناڕەخسێت، ئەمەش نیگەرانی گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکانی بەدواداهاتووە.













گەلەری