سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی مووچەی مانگی چوار

PM:12:58:05/05/2024

39544 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، هەموو رێکارەکانیان جێبەجێکردووە و چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقن پارە بنێرێت. وەزارەتی دارایی عێراقیش دەڵێت، سوورن لەسەر رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و پاشان مووچەی مانگی چوار دەنێرن.


ئاوات جەناب وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، "هەموو رێکارەکان لەلای ئێمەوە تەواو بووە و ئەو لیستەی ناردوومانە گرفتی تێدا نییە".

باسی لەوەشکرد، چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقن بۆئەوەی پارەی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران بنێرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەکردووە، سوورن لەسەر رادەستکردنی داهاتی نانەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە پاشان مووچەی مووچەخۆران دەنێرێن.

چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک وەک داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە نەنێردراوە بۆسەر هەژماری بانکی وەزارەتەکە.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەکۆتا کۆبوونەوەیدا بڕیاری رادەستکردنی داهاتی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە کرداری جێبەجێی نەکردووە.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، دوێنێ شاندێکی بانکی بازرگانی عێراق گەیشتە هەرێم بە مەبەستی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و گفتوگۆدەکەن لەسەر چۆنێتی دەستپێکردن بە رێکارەکان و دەیانەوێت لەماوەی سێ بۆ چوار مانگدا هەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆران بکەنەوە.

هاوکات، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی تی بی ئای بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ناچنە ناو هیچ پڕۆژەیەک و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق جێبەجێدەکەن.

وتیشی، "هیچ زانیارییەکمان لەسەر هەژماری من نییە و ئێمە تەنها کار بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەین بۆ بەبانکیکردنی مووچە نەک هەژماری من".













گەلەری