تۆتنهام بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی ریاڵ مەدرید هاتووەتە سەرهێڵ

PM:02:06:11/01/2026

72 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تۆتنهام بۆ گواستنەوەی برایم دیاز هاتووەتە سەرهێڵ و ریاڵ مەدرید پەلە ناکات لە بڕیاردان.

بەگوێرەی تۆڕی فیچاجێسی ئیسپانی، یانەی تۆتنهام ئۆفەرێکی فەرمی بە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ ئامادە دەکات بۆ دەستەبەرکردنی گرێبەستی برایم دیاز، کە بووەتە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی جامی ئەفریقا، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهاکەی لە بازاڕدا.

ڕیال مەدرید بێ ئاگا نییە لەو ئاستەی برایم دیاز لەگەڵ شێرەکانی ئەتڵەس پێشکەشی کردووە، بەو پێیەی خۆی وەک یاریزانێکی یەکلاکەرەوە و کاریگەر لە هێرشبەریدا جێگیر کردووە، ئەمەش بەهۆی توانای جیاوازی دروستکردن و خێراییەکەی لە قۆناغی گواستنەوە و بوونی هێزە زۆرەکەی لەنێو ناوچەی سزا.

سەرچاوە ئیسپانییەکەش دوپاتیکردەوە، تۆتنهام یاریزانە مەغریبییەکە بە گونجاو دەزانێت بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری، بە تایبەتی چوونکە یاریزانێکی خێرا و خاوەن ئەزموونە.

باسی لەوەشکردووە، سپێریز دەیەوێت سەرەتا ئەستێرە 26 ساڵەکە رازییبکات و دواتر لەگەڵ ریاڵ مەدرید رێکبکەوێت، بەڵام یانە مەدریدیەکە پەلە ناکات و لە دۆخی تاکتیکی یانەکە دەکۆڵێتەوە و ئینجا بڕیار دەدات.