ئالێگری: مۆدریچ نموونەیە بۆ لاوەکان

PM:11:30:07/01/2026

108 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئالێگری دوپاتیکردەوە دەیانەوێت لە چوار تیپی یەکەمی خولی ئیتاڵیا بن و ستایشی کارگێڕی یانەکەشی کرد.

ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری میلان پێش یارییەکەی جەنەوا لە خولی ئیتاڵیا باسی لە ئامادەکارییەکانی تیپەکەی و دۆخی یاریزانانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە جەنەوا تیپێکی بەهێزە و خاوەن یاریزانێکی وەک لۆرێنزۆ کۆڵۆمبۆیە کە توانایەکی تەکنیکی بەرزی هەیە بۆیە پێویستە بە ڕێزەوە ڕووبەڕوویان ببنەوە.

لە قسەکانیدا: وتی تەرکیزمان لەسەر ئەوەیە لە چوار یانەی یەکەم بین و یانەکەش بەردەوام کار دەکات بۆ باشترکردنی داهاتووی تیپەکە و نوێکردنەوەی گرێبەستی مایک ماینیانی گۆڵپارێز.

سەبارەت بە لوکا مۆدریچ ئالێگری ستایشی ئاستی ئەو یاریزانەی کرد و وتی: مۆدریچ تەنها لە رووی تەکنیکییەوە سەرسامکەر نییە بەڵکو ئەو خۆشەویستی و سادەییەی بۆ وەرزش هەیەتی نموونەیەکی باڵایە بۆ گەنجان چونکە کاتێک پاسێکی هەڵە دەدات بە توندی لە خۆی توڕە دەبێت و داوای لێبوردن دەکات، ئەمەش نیشانەی تەرکیزێکی زۆرە کە یاریزانی ئێستا پێویستی پێیەتی.

لەبارەی ململانێی نازناوی خولی ئیتاڵیا ئالێگری ئاماژەی بەوە کرد کە یوڤێنتوس تیمێکی بەهێزە و شانسی زۆری هەیە بەڵام میلان دەبێت تەنها بیر لە خۆی بکاتەوە و بە واقعبینییەوە مامەڵە بکات چونکە بردنەوەی یارییەکان تەنها بە ناو نییە و پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون هەیە.

راهێنەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، یانەکەیان لە بازاڕی گواستنەوەکاندا کار دەکات و ئەو متمانەی تەواوی بە کارگێڕی یانەکە هەیە و خۆشحاڵە کە یاریزانی وەک فۆڵکرۆگ و ئێنکۆنکۆ لە پێکهاتەکەیدا دەبینێت.