گلاسنەر بە پڕۆژەیەکی 1000 لاپەڕەییەوە دەیەوێت ببێتە راهێنەری مان یونایتد

PM:04:38:07/01/2026

328 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گلاسنەر بە پڕۆژەیەکی 1000 لاپەڕەییەوە خۆی کاندید دەکات بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی مان یونایتد.

دوای ئەوەی یانەی مانچستەر یونایتد بە فەرمی دوورخستنەوەی رۆبن ئەمۆریمی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە راگەیاند، ئێستا ململانێی گرتنەدەستی ئەو پۆستە گەیشتووەتە لوتکە و چەندین ناوی دیار بۆ جێگرتنەوەی دەهێنرێن، لە نێوان هەموو کاندیدەکاندا، ئۆلیڤەر گلاسنەری راهێنەری کریستاڵ پاڵاس بە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو هەمووانی سەرسام کردووە، کاتێک راپۆرتێکی شیکاریی ورد و تێر و تەسەلی لەسەر سەرجەم کێشە و وردەکارییە تاکتیکییەکانی ئەم وەرزەی مانچستەر یونایتد لە 1000 لاپەڕەدا ئامادە کردووە و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو زانیارییانەوە سەرنجی کارگێڕی یانەکە رابکێشێت.

گلاسنەر کە ماوەیەکی زۆرە خەون بە مەشق و راهێنانی شەیتانە سوورەکانەوە دەبینێت، ئەم دۆسیە تەکنیکییەی وەک بەڵگەیەک بۆ ئامادەیی و لێهاتوویی خۆی ئامادە کردووە تا لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی یونایتد پێشکەشیان بکات، ئەم راهێنەرە دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هیچ کەسێک هێندەی ئەو لە بارودۆخی ئێستای مان یو تێنەگەیشتووە و پلانێکی تۆکمەی بۆ رزگارکردنی یانەکە لە قەیرانەکان هەیە.

سەرەڕای ئەم هەوڵە گەورەیەی گلاسنەر، بەڵام ڕێگای گەیشتن بە ئۆڵدترافۆرد بۆ ئەو زۆر ئاسان نابێت، چونکە رکابەرایەتییەکی توند لە ئارادایە و ناوی چەندین گەورە راهێنەر بۆ ئەو پۆستە لەسەر مێزی یانەکەیە.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بڕیاری کۆتایی بەڕێوەبەرانی یونایتدن کە ئایا ڕوو لە ناوبانگی راهێنەرە گەورەکان دەکەن یان پڕۆژە و شیکارییە 1000 لاپەڕەییەکەی گلاسنەر دەبێتە جێگەی متمانەیان.