تەنها مۆرینیۆ لە چێڵسی جیاوازە و 1000 ڕۆژ لە یانەکە بووە

PM:10:02:04/01/2026

100 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە پاش یەکەمین کاروانی راهێنەرایەتی مۆرینیۆ لەگەڵ چێڵسی هیچ راهێنەرێک 1000 رۆژ لە یانەکە بەردەوان نەبووە.

کورسی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی لەم ساڵانەی دواییدا هاوشێوەی کورسییەکی گەرم بووە و هیچ ڕاهێنەرێک نەیتوانیوە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەری بمێنێتەوە، بەجۆرێک لێکۆڵینەوە ئامارییەکان دەری دەخەن کە لە دوای ساڵی 2007 و یەکەم جێهێشتنی یانەکە لەلایەن خۆسێ مۆرینیۆوە، هیچ راهێنەرێک لەو یانەیەدا نەیتوانیوە سنووری 1000 رۆژی راهێنەرایەتی تێپەڕێنێت.

 لە کاتێکدا ستەمفورد بریج بووەتە گۆڕستانی خەونی ڕاهێنەرە گەورەکان، هێشتا خۆسێ مۆرینیۆ لە خولی دووەمی کارکردنیدا لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 ریکۆردەکەی لای خۆی هێشتووەتەوە و توانیویەتی 927 ڕۆژ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەویش بەر لەوەی بگاتە ژمارە 1000، لەندەنی جێهێشت.

لە دوای مۆرینیۆ، چەندین ناوی گەورە لە بلۆز دەرکەوتوون، بەڵام ماوەی مانەوەی هەریەکەیان کورت بووە؛ ئەنتۆنیۆ کۆنتی تەنها 741 رۆژ و کارلۆ ئەنچیلۆتی 690 ڕۆژ بەرگەیان گرتووە، لە کاتێکدا تۆماس توخێل 589 ڕۆژ و فرانک لامپاردیش تەنها 571 ڕۆژ لە پۆستەکانیاندا بەردەوام بوون.

خاڵی جێگەی سەرنج و تاڵ بۆ هاندەرانی شینپۆشەکانی لەندەن، کۆتاییهاتنی ئەرکی ئینزۆ مارێسکا بوو وەک دوایین کەشتیوانی ئەم یانەیە، کە سەرەڕای ئەوەی توانی نازناوی کۆنفرانس لیگ و جامی جیهانی یانەکان بۆ چێڵسی بەدەستبهێنێت، بەڵام تەنها 547 رۆژ لە پۆستەکەیدا مایەوە.

ئەم ئامارانە ئەوە دەسەلمێنن کە لە یانەی چێڵسی تەنانەت بەدەستهێنانی جامە گەورەکانیش نابنە قەڵغان بۆ پاراستنی راهێنەرەکان لە دوورخستنەوە و کات لەو یانەیەدا زۆر خێراتر لە هەر شوێنێکی تری جیهان تێپەڕ دەبێت.