پلانی بەرشەلۆنە بۆ گواستنەوەی زستانە چییە؟

PM:01:10:02/01/2026

112 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بڕیاری کۆتایی بەرشەلۆنە بۆ مێرکاتۆی زستانە پشت بەستنە بە یاریزانە گەڕاوەکان لە پێکان و نەکردنی گرێبەستی گەورەیە.

یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەدا، هێشتا لە نێوان کڕینی یاریزانێکی نوێ بۆ شوێنگرتنەوەی کریستێنسن یان متمانە کردن بە ئەستێرە گەڕاوەکانی لە پێکان دوودڵە، بەڵام هانسی فلیک و دێکۆ پێیان وایە پێکهاتەی ئێستا بە گەڕانەوەی پێکانەکان پێویستی بە خەرجی زیادە نییە.

سەرەڕای ئەوەی یاساکانی رابەرایەتی دارایی رێگە بە بەرشەلۆنە دەدەن بەهۆی پێکانە درێژخایەنەکەی کریستێنسنەوە یاریزانێکی نوێ تۆمار بکەن، بەڵام فلیک چاوی لە پێنج واژۆی نوێیە کە لە نێو یانەکە خۆیدان.

 گەورەترین گەڕانەوە رۆناڵد ئاراوخۆیە؛ بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە دوای تێپەڕاندنی کێشە دەروونییەکانی، گەڕاوەتەوە بۆ راهێنانە بەکۆمەڵەکان و پێشبینی دەکرێت لە دێربی بەرامبەر ئیسپانیۆل یان لە جامی سوپەری ئیسپانیا بگەڕێتەوە نێو یاریگا.

لە لایەکی ترەوە، گاڤی لە قۆناغی کۆتایی چاکبوونەوەدایە دوای ئەو نەشتەرگەرییە قورسەی لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بۆی ئەنجامدرا، یانەکە زۆر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ دەکات و پێشبینی دەکرێت لە مانگی شوباتدا بە تەواوی ئامادە بێت بۆ یاریکردن، هاوکات پێدری و ژول کوندێش کە بەهۆی ماندوێتی و پێکانێکی سووکەوە لە کۆتا یاری 2025 دابڕابوون، گەڕانەوەیان بۆ دێربی بەرامبەر ئیسپانیۆل مسۆگەرە، ئەمەش هەناسەیەکی ئاسوودەیی بە فلیک دەبەخشێت بەتایبەت لە هێڵی بەرگریدا کە کوندێ تەنها بژاردەی سەرەکییە.

سەبارەت بە دانی ئۆڵمۆ، بارودۆخی هێشتا تەمومژاوییە؛ ئەو یاریزانە کە مانگێک لەمەوبەر تووشی لەجێچوونی شان بوو، هەرچەندە بە باشی چاکبووەتەوە بەڵام بەشداریی لە دێربییەکەدا هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.

 ئەم گەڕانەوە بەکۆمەڵانە وایکردووە هانسی فلیک بیر لەوە بکاتەوە کە بێ ئەنجامدانی هیچ گرێبەستێکی گەورە، تا کۆتایی وەرز بەردەوام بێت و متمانە بە تیپەکەی بکات.