AM:10:02:02/01/2026
116 جار خوێندراوەتەوە
+
-
گواردیۆلا گەڕانەوەی رۆدری لە پێکان بە گرنگ ناوزەند کرد و دڵگرانیشە
بە پێکانی ساڤینیۆ.
لە یەکەم دەرکەوتنیاندا لە ساڵی نوێدا، یانەی مانچستەر سیتی لە
یاریگای ساندەرلاند بووە میوانی ئەو تیپە و سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی یارییەکە، بەڵام
یارییەکە بە بێ گۆڵ کۆتایی هات و کوڕانی گواردیۆلا بە یەکسانبوون دەستیان بە ساڵی 2026
کرد.
پێپ گواردیۆلاش دوای یارییەکە گەڕانەوەی رۆدری بە خاڵی وەرچەرخان
ناوبرد و رایگەیاند کە ئەو یاریزانە تەنها لە 45 خولەکدا سەلماندی کە باشترین
یاریزانی جیهانە لە پۆستەکەی خۆیدا و جەختی لەوەش کردەوە کە لە ماوەی ئەو ساڵ و
نیوی رابردوودا سیتی بەهۆی نەبوونی ئەو یاریزانەوە تووشی کێشە بووە، هەربۆیە هیوای
خواست ئەستێرەکە لە تیپەکە بەردەوام بێت چونکە شێوازی یاریکردنی سیتی دەگۆڕێت.
راهێنەرە کەتەلۆنییەکە وێڕای دەربڕینی رەزامەندی لە ئاستی
یاریزانەکانی لە نیوەی دووەمدا، ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها کێشەی ئەوان گۆڵنەکردن
بووە لە ناوچەی شەش یاردەدا، دەنا لە هەموو روویەکەوە لە رکابەرەکەیان باشتر بوون
و چەندین هەلی مسۆگەری گۆڵکردنیان لەدەستداوە.
گواردیۆلا نیگەرانی خۆشی بۆ پێکانەکەی ساڤینیۆ نەشاردەوە و ڕایگەیاند
کە بارودۆخی ئەو یاریزانە بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان باش نییە و چاوەڕێی
پشکنینە پزیشکییەکان دەکەن، لە کاتێکدا سیتی تەنها دوو ڕۆژی لەبەردەمە بۆ
خۆئامادەکردن بۆ یارییە لوتکەکەی بەرامبەر چێڵسی.
نوێدەکرێتەوە..