AM:09:05:02/01/2026
76 جار خوێندراوەتەوە
+
-
سلۆت دوپاتیکردەوە لە یارییەکەدا لێدانی سزایان بۆ هەژمارنەکراوە و
بەرگری لیدزیش بەهێز بووە.
ئارنی سڵۆتی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، دوای یەکسانبوونەکەی بەرامبەر
لیدز یونایتد لە یاریگای ئانفێڵد، بە تووڕەییەکی زۆرەوە لەبەردەم کامێراکان
دەرکەوت و رایگەیاند کە نەگرتنی لێدانێکی سزای روون و بەرگری تیپی بەرامبەر، ڕێگر
بوون لەوەی رێدز ساڵی 2026 بە سەرکەوتن دەستپێبکەن.
لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، لیدز یونایتد توانی زنجیرە سەرکەوتنەکانی
لیڤەرپوول بپچڕێنێت و بە یەک خاڵی بەنرخەوە لە ئانفێڵد بچێتە دەرەوە، سڵۆت پاش
یارییەکە دانی بەوەدا نا کە تیپەکەی نەیتوانیوە دیوارە بەرگرییە توندەکەی لیدز
تێکبشکێنێت و وتی: هەمووان دەمانویست ساڵی نوێ بە بردنەوە دەستپێبکەین، بەڵام
یارییەکی زۆر قورس بوو، لە نێو ناوچەی سزای ئەواندا یاریزانی پێویستمان نەبوو بۆ
یەکلاکردنەوەی هەلەکان و هەندێک جاریش بەخت یاوەر مان نەبوو.
هەروەها سڵۆت بە توانجەوە وتی: لە نیوەی یەکەمدا دیمەنێکی زۆر ڕوون
هەبوو، یاریزانەکەی ئێمە نەکەوتە سەر زەوی بۆیە ناوبژیوان هیچی هەژمار نەکرد، من
تێدەگەم بۆچی نەکەوت، چونکە لێرە ئەگەر بکەوینیش لێدانەکەمان بۆ هەژمار ناکەن.
سڵۆت بەراوردی تیپەکەی لەگەڵ یانەکانی تر کرد و وتیشی: دەبینم
یاریزانانی تیپەکانی تر زۆر بە ئاسانی خۆیان دەخەنە سەر زەوی بۆ گرتنی فاوڵ و لێدانی
سزا، بەڵام ناسنامە و کەسایەتی یاریزانانی ئێمە بەو شێوەیە نییە و هەمیشە هەوڵ
دەدەن لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، هەرچەندە زۆرجار بەو هۆیەوە مافمان دەخورێت.
نوێدەکرێتەوە