پێشانگا تایبەتەکەی مێسی لە شیکاگۆ کرایەوە

PM:06:48:31/08/2025

184 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەزموونی مێسی دەگاتە شاری شیکاگۆ و هاندەران دەتوانن چێژ لە ژیانی پیشەیی یاریزانەکە وەربگرن.

لە شاری شیکاگۆی ئەمریکا، لقی پێشانگایەکی گشتگیری هونەری بۆ لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی کرایەوە لەژێر ناونیشانی: ئەزموونی مێسی، کە پێشانگاکە لە چەندین شاری جیاوازی جیهان لقی هەیە و سەردانیکەران دەتوانن ئەزموونی یاریزانەکە لە سەرەتای منداڵییەوە تا ئێستا ببینن.

هەر لەنێو پێشانگاکە خواردن و خواردنەوە هەیە و سەردانیکەران دەتوانن سودی لێوەربگرن، لەگەڵ چوونە ژوورەوەشیان بە درووشمە بەناوبانگەکەی مێسی لە مۆندیالی 2022 پێشوازیان لێدەکرێت.

هەروەها، پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراو لەلایەن مێسیەوە پێشوازی لە میوانەکان دەکات و دەڵێت: هیوادارم چێژ وەربگرن، سوپاس بۆ هاتنتان و سوپاسی بوونتان دەکەم.

جێگای سەرنجە، پێشانگاکە جەخت لەسەر گەشتەکەی مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکاتەوە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەکانەوە تا دواجار سێ نازناوی گەورە بەدەستبهێنێت، لەنێویاندا نازناوی جامی جیهانی.

هەروەها سەردانیکەران لە پێشانگاکە دەتوانن ژیانی مێسی لە دەستپێکی یاریکردنییەوە لە سەردەمی نیوێڵز ئۆڵد بۆیز ببینن تا سەردەمی درەوشانەوەی لە بەرشەلۆنە و تا سەردەمی یاریکردنی لەگەڵ ئینتەر میامی.