ئەمشەو جەنگی کلاسیکۆ بەڕێوەدەچێت

AM:11:09:26/10/2024

416 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کلاسیکۆ ئەو یاریەی کە سەرجەم هاندەرانی تۆپی پێ چاوەڕێی دەکەن و دەیانەوێت یاریەکی سەرنجڕاکێش و ئاستبەرز ببینن.

شەممە لە کاتژمێر 10ی شەودا، یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یانەی بەرشەلۆنە دەکات.

کلاسیکۆ یەکێکە لە بەهێزترین رووبەڕووبونەوەکان لە جیهاندا و بەردەوام کێبڕکێیەکی توند لە نێوان ئەو دوو یانەیەدا هەیە و بە بێ ئەوەی گرنگی بەوە بدرێت کە کامیان لەوەی تر بەهێزترە.

بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید لەم وەرزەدا کێبڕکێیەکی بەهێز دەکەن لەسەر پێشەنگی ریزبەندی و جیاوازی نێوانیان تەنها سێ خاڵە، یانە کەتەلۆنیەکە 27 خاڵی هەیە و لە پێشەنگی خولی ئیسپانیدایە بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ یانەی شاهانە کە بە 24 خاڵ پلەی دووەمی گرتووە.

لە ئێستادا هاندەرانی ئەو دوو یانەیە خۆیان بۆ یاریەکی ئاگرین ئامادە کردووە بەهۆی ئەوەی یانەکانیان لە کۆتا یارییاندا لە چامپیۆنز لیگ بردنەوەیەکی نایابیان بەرامبەر یانەکانی بایرن میونشن و بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بەدەستهێناوە.

ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە مێژوویاندا 257 جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، یانەی شاهانە 106 بردنەوەی هەیە و 436 گۆڵی تۆمارکردووە، یانە کەتەلۆنیەکەش 100 بردنەوەی هەیە و 419 گۆڵی کردووە، لە 51 یاریشدا یەکسانبوون.

لیۆنێل میسی ئەستێرەی پێشووی بەرشەلۆنە بە تۆمارکردنی 26 گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵکارانی مێژووی رووبەڕووبونەوەی ئەو دوو یانەیەدا دەبینرێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دی ستیفانۆ بە 18 گۆڵ لە پلەی دووەمدان.

دوایین یاری فەرمی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە وەرزی رابردووی خولی ئیسپانیدا بوو کە یانەی شاهانە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ یاریەکەی بردەوە و دەیەوێت لەم یاریەشدا بردنەوە پێشکەشی هاندەرانی بکات.

خ . ک