بنزیمە و باندجەکەى دەستی

PM:09:14:21/09/2021

1232 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پێکان هەمیشە هەڕەشەیەکی مەترسیداربووە لەسەر ژیانی یاریزانانی تۆپی پێ و تارماییەک بووە بە دوای یاریزانانەوە بەبێ جیاوازی و چانسیش بۆ ئەو یاریزانانە بووە کە لە کاروانی وەرزشیدا لە پێکان بەدووربوون

جۆری پێکانەکان و ماوەى چاکبوونەوەیان جیاوازە و هەندێک پێکان دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر بکرێت و یاریزان بەرگەى ئازارەکەى بگرێت

جۆرێکی تری هەندێک پێکانیش قورس و ئازابەخشە و تەنها بە نەشتەرگەری دەتوانرێت کۆتایی بەو ئازارە بهێنرێت

بەڵام جۆری سێیەم لە پێکان جیاوازتر لەو دوانەى پێشتر باسکران دووچاری یاریزان دەبێت درێژخایەنە کە تا کۆتایی هاتنی ژیانی لەگەڵیدا بەردەوام دەبێت

بنزیمەى هێرشبەری ڕیاڵ مەدرید پێکانێکی هەیە کە لە جۆری سێیەمە و دەکرێت تا کۆتایی ژیانی وەک تارماییەک وازی لێنەهێنێت و ببێتە هۆی شێواندنی پەنجە بچووکی دەستی کە بەهۆی یاریزانێکی پێشووی بەرشەلۆنەوە دووچاری هات

چیرۆکی دیمەنی باندجەکەى دەستی ڕاستی بنزیمە کە لە ساڵی 2019 دەبینرێت پرسیاری لای زۆرێک درووستکردووە و دەپرسن ئایا بەستنی لە لایەن بنزیمەوە بەندە بە دەرکەوتنی بە شێوازیکی جیاواز و بۆ خۆدەرخستنە یان هۆکارێکی تەندروستی لە پشتی ئەو کارەوە هەیە

بەڵام ڕاستی ڕووداوەکەى پەنجەکانی دەستی راستی بنزیمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019 و یاری نێوان ڕیاڵ مەدرید و ڕیاڵ بیتیس لە خولی ئیسپانیا

کاتێک بنزیمە و بارترای یاریزانی پێشووی بەرشەلۆنە بەرکەوتنێکی توند لە نێوانیاندا ڕوودودات بەهۆیەوە بنزیمە دەکەوێتە سەر زەوى پەنجە بچووکی دەستی ڕاستی دەشکێت

پزیشکانی ریاڵ مەدرید دوای دیاریکردنی جۆری شکانەکە داوا لە بنزیمە دەکەن نەشتەرگەری ئەنجامبدات و پێویستیشە بۆ دوو مانگ لە یاریکردن دووربکەوێتەوە

بەڵام بنزیمە گۆی لە داوای پزیشکانی یانەکەى ناگرێت و بە بەستنی باندجێک لە دەستی ڕاستی بەشداری یاری هەفتەى دواتر بەرامبەر سیڤیلیە دەکات

پزیشکانی یانەى ڕیاڵ مەدرید چەند جارێک بنزیمە ئاگاداردەکەنەوە ئەگەر نەشتەرگەری نەکات و چارەسەری پێویست وەرنەگرێت ئەوا دووچاری ئازارێکی درێژ خایەن دەبێتەوە و پەنجە بچوکی دەستی دەشێوێت

بەڵام هێرشبەرە فەڕەنسیەکە گوێی لە ئامۆژگارییەکان نەگرت و سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی یارییەکان لەگەڵ ڕیاڵ مەدریددا تا کۆتایی هاتنی وەرزی 2018 بۆ 2019

پاشان لە هاوینی 2019 بنزیمە ڕووی لە ئەمەریکا کرد بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بۆ پەنجەى دەىستی ڕاستی بەڵام کات بەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە لە وادەى خۆیدا زۆر تێپەڕیبوو

بنزیمە گەڕایەوە ئیسپانیا و بەشداری یارییەکانی وەرزی 2019 بۆ 2020ی کرد و قەدەر وایکرد هەمان شوێن لێدانێکی تری بەربکەوێت و ئەمجارەیان بە ناچاری و بەشێوەیەکی یەکجاری باندج ببەستێت تا پارێزگاری لە پەنجەکانی بکات

پێدەچێت پێکانەکەى دەستی بنزیمە بە باشە بەسەریدا شکابێتەوە بە جۆریک لە کاتی بەکارهێنانی ئەو باندجەوە ژمارەى گۆڵەکانی زیادیکردووە و بووتە مەعشوقی هاندەرانی یانەکە بەتایبەتیش دوای ڕۆیشتنی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ

ژمارەی گۆڵەکانی بنزیمە لە دوای پێکانەکەى دەستی بە باشە بەسەریدا شکاوەتەوە و لە کاتی بەستنی باندجەکەوە بنزیمەژمارەى گۆڵەکانی زیادی کردوە بە جۆریک لە وەرزی 2018 بۆ 2019 بووەتە خاوەنی 30 گۆڵ و لە وەرزی 2019 بۆ 2020 توانیویەتی 27 گۆڵ تۆماربکات لە وەرزی 2020 بۆ 2021یش ژمارەى گۆڵەکانی بۆ34 گۆڵ بەرزکردووەتەوە