سەردێڕ:

پاڵنەری دەرەکی کاریگەری دەبێت لەسەرمان؟

PM:05:16:01/08/2024
1392 جار خوێندراوەتەوە
دانا مستەفا
+ -

لە کۆنەوە مرۆڤ درکی بە جیاوازی کردووە لە نێوان دوو جۆر لە پاڵنەر، ویست و هێزی کارکردندا، ویستێکیان هەڵقوڵاوی هێزێکی ناوەکییە و لە ناخ و دەروونی مرۆڤ خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوی تریشیان زادەی کاریگەری دەرەوەیە و ویستی خودی مرۆڤ کەمتر کاریگەری هەیە بەسەریەوە.

هەندێک خولیا و حەز و ویست لە ناوەوەی مرۆڤ خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و هێزی پاڵپێوەنەری ئەم خولایایانە تەنها و تەنها خۆشەویستی و ئارەزوویەکی راستەقینەی روونە، بۆ نموونە، کاتێک هونەرمەندێکی نیگارکێش تابلۆیەک دەکێشێت یان شاخەوانێک بە چیایەکدا سەردەکەوێت یان ئەدیبێک لە عیشقی ئەدەبدا چیرۆکێک دەنوسێت و دەیان نموونەی تر.

لەم حاڵەتانەدا هێزی پاڵنەر ناوەکییە و لە خولیا و سەرگەرمبوونێکی راستگۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم جۆرە لە سەرقاڵبوون بە ویست و خولیاکانەوە جیاوازە لەوانەی کە سەرچاوەکانیان دەرەکین و کەمتر لە سوتان و تینوێتی ناوەوە ئیلهام وەردەگرن، نموونەیش بۆ ئەمانە هەمو ئەو شتانەیەکە لە پێناوی بەدەستهێنانی پاداشتدا ئەنجام دەدرێن.

کاتێک هونەرمەندێک یان وەرزشکارێک کارەکەی دەبێتە هۆکارێک بۆ بەدەستهێنانی پاداشت، پاڵنەری ناوەکی لاواز دەبێت و دینەمۆ و هێزی بزوێنەر لە عیشق و خۆشەویستیەوە دەگۆڕێت بۆ بەدەستهێنانی پاداشت، بۆیە هونەرمەندەکە یان وەرزشەوانەکە بە هەمان گڕوتینەوە کاری بۆ ناکرێت و ئەو کارەشی دەیکات، بۆ خودی خۆی، هەمان چێژ و لەزەتی نابێت.

رەنگە شتێکی نامۆ بێت لەلامان ئەگەر پێمان بوترێت پاداشتکردن و هاندان و تەحفیزی دەرەکی، پاڵنەر و هێزی ناوەکیمان کەم دەکاتەوە بۆ خولیا و ئارەزووەکانمان.

لە راستیدا ئەمە جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە تێگەیشتنی باو و سەرپێیانە پێچەوانەی ئەمەمان پێ دەڵێت.

ئێمە هەر ئەوەمان بیستووە کە باو و باپیرانمان بۆ ئەوەی لە خوێندندا سەرکەوتوو بین بەڵێنی پاداشت و کڕینی ئەو شتانەیان پێ داوین کە حەزمان لێی بووە، فەرمانبەر تەرقیە کراوە و ئیمتیازی زیاتری وەرگرتووە.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا پاداشت و پاڵنەری دەرەکی هێزی ناوەکی کەم دەکاتەوە و دینەمۆی تین و تاوی مرۆڤ بۆ خولیا راستەقینەکانی خاو دەکاتەوە چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی ئەنجام دراوە، ئەنجامی هەمو ئەو لێکۆڵینەوانەش ئەوەیە کە بەڵێ، تەحفیز و هاندان دەبنە هۆی سستبوونی هێزی پاڵنەری ناوەوەی مرۆڤ.

یەکێک لە لێکدانەوەکانی ئەم دیاردەیە ئەوەیە، کاتێک کە داهێنانی مرۆڤ و سەرقاڵبوونی بە خولیاکانیەوە دەبێتە ئامڕاز بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک، داهێنەرەکە ئۆتۆنۆمی و سەربەستی خۆی لەدەست دەدات، چونکە ئیتر هەموو هەنگاوێکی دەخرێتە بەر چاودێریکردن و شەپۆلێکی گەورەی چاوەڕوانیکردن لە بەرهەمەکانیەوە، لێرەدا کەسی داهێنەر، هونەرمەند، یان نوسەر ئازادی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە ئامڕازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجێک.

لێکدانەوەیەکی تریش ئەوەیە، مانای راستەقینەی سەرقاڵبوون و سەرگەرمبوون، داهێنان و تامەزرۆیی و سوتانی مرۆڤ بۆ هەموو ئەو شتانەی حەزیان لێ دەکات، لە ناو خودی خولیاکاندایە، نەک لەدەرەوەیاندا.

خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە پاڵنەری راستەقینەی مرۆڤ ناوەکییە و کاتێکیش ئەوانی تر لێی دەگەڕێن، بە قوڵیی دەچێتە ناو حەز و خولیاکانی و ژیانەوە.

ئەمە بەو مانایە نیە کە بەرهەم و داهێنانی مرۆڤ خاڵی بێت لە ئامانج و دەستکەوت، چونکە لە کۆتاییدا، پاڵنەر و تەحفیزی مرۆڤ هەرچییەک بێت، کارەکانی بە ئەنجامێک کۆتاییان دێت.

جیاوازیەکە ئەوەیە، کاتێک مرۆڤ خۆی کارێک بکات و پاڵنەری کارەکەی خودی خۆی و خۆشەویستی و سوتان بێت بۆ کارەکەی، بە هێز و تەوژمێکی زیاترەوە و راستگۆیانەتر و نەفەس درێژتر کار دەکات لەوەی هێزێک لە دەرەوەی خۆی بۆ هەمان کار هانی بدات.

ژیانی کەسانی سیاسی و وەرزشەوان وەکو نموونە، باشترین بەڵگەمان بۆ ئەم جۆرە تێڕوانینە لە ژیان نیشان دەدات.

زۆر جار دەبینین یاریزانێکی بەناوبانگ، دوای ئەوەی یانەیەک بە پارەیەکی زۆر دەیگوازێتەوە ریزەکانی و مووچەیەکی خەیاڵی بۆ دەبڕێتەوە، لە پڕ دیار نامێنێت و هەرچی توانا و بەهرەی هەیە لاواز دەبێت و دەپوکێتەوە.

خەڵکانی سیاسیش هەروەتر، دەبینین و بینویمانە، کەسانێک هەبوون تینووی سیاسەتکردن و خزمەتکردنی نیشتمان بوون، بەڵام، کاتێک بە پارە و پلەوپۆست پاداشت کراون، وەک کورد دەڵێت، لە هێلکە چوونەتەوە و ون بوون.

گەلەری