سەردێڕ:

دامەزراندن لە ھێزە حیزبیەکان و پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە

PM:11:21:13/04/2023
4828 جار خوێندراوەتەوە
ئیسلام چاڵی
+ -

ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چەندین یەکە و دامەزراوەیەک پێکدێت، لەوانە:

- وەزارەتی پێشمەرگە

- یەکەی ٧٠

- یەکەی ٨٠

- زێرەڤانی

- بەرگری فریاکەوتن

- ھێزەکانی پشتیوانی یەک

- ھێزەکانی پشتیوانی دوو

- دژە تیرۆری پارتی

- دژە تیرۆری یەکێتی

- لیوا تایبەتەکانی پارتی

- لیوا تایبەتەکانی یەکێتی

- ھێزی سۆسیالیست

- پێشمەرگەی ڕۆژ

لە وەتەی پێکھێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای راپەرینی ١٩٩١ دۆسیەی پێشمەرگە بە نادامەزراوەیی و ناڕێکخراوەیی ماوەتەوە، رۆژ بە رۆژ ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەرەو زیاد بوون دەڕوات تا ئێشتا گەیشتووە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار پێشمەرگە، ئەوەش قورساییەکی زۆر گەورە بە سەر بودجەی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە و سروشتێکی سەربازی و ئەمنی بەسەر کۆمەڵگای کوردستان بەخشیوە.

ماوەی چەندین ساڵە، بە تایبەتی دوای یەکگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٠، بانگەشەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە پرۆسەکە زۆر بە سستی و خاوی بەڕێوە دەچێت، رێگرییەکی زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش بووەتە جێگای دڵگرانی ئەفسەر و پێشمەرگە و خەلکی کوردستان، هەروەها ھاوپەیمانانیش لەو دۆخە بێزار و نێگەرانن.

بەداخەوە، ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی حەشدی شەعبی، بەش بەش کراوە بەسەر چەندین گروپ و لایەن و کەسایەتی. دەبێ دان بەو راستییەدا بنێین که ھیچ ھێزێک، بە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەسەڵاتی تەواوی نیە بەسەر ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەوە، تەنانەت هێزەکانی پارتی و یەکێتیش، له ژێر دەسەڵاتی یەک چەتردا بەڕێوە ناچن، واتە پارتی و یەکێتیش دەسەڵاتی تەواویان نیە بەسەر ھێزە حیزبیەکانی خۆیاندا.

دوای ساڵی ٢٠٠٥ ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، پارتی و یەکێتی کەوتنە کێبرکێ بۆ رازیکردنی خەڵک لە رێگای دامەزراندنیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیان، لەناویاندا ھونەرمەند و راگەیاندکار و بەناو نوسەر و رۆشنبیر و شێخ و ئاغا و کور و کچ و کەسوکاریان، جاش و شوان و گاوان و شۆفێریان دامەزراند، ژمارەیان ھێندە زۆر بوو لە ژێر دەسەڵاتی حیزب و حکومەت دەرچوو، ئەوەش وایکرد نەیانتوانی سوپایەکی رێک و پێک و نیشتیمانی لەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە دروست بکەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا.

سەرەڕای ھەوڵی ھاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروست کردنی سوپایەکی نیشتیمانی بۆ کوردستان، پارتە سیاسییەکان بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مسۆگەرکردنی دەنگی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوەش پاشەرۆژی خەڵکی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە و پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەش دەخاتە رێگایەکی نادیار.

ئامانجی پارتی و یەکێتی لە دامەزراندنی پێشمەرگە ھیچ کات بە گوێرەی پیویست و ئامانجێکی نیشتیمانی نەبووە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیانە. ئەو پێشبڕکێیەی پارتی و یەکێتی بۆ زیادکردنی ھێزی پێشمەرگە بەدرێژایی تەمەنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامی ھەیە، بەپێی تۆماری بایۆمەتری ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزارە، ھاوپەیمانان داوا دەکەن ببێتە ٩٠ ھەزار پێشمەرگە. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە، پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی، ئەمه لە کاتێکدایه، وەزارەتی پێشمەرگە خۆی خاوەن بەرێوەبەرایەتییەکە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی تاکەکان و خۆبەخشەکان) کە تایبەتە بە دامەزراندنی پێشمەرگە بەپێی مەرج و رێنمایی سەربازی.

لێرەوە دەپرسم، ئایا ئەگەر ھەر پارتە سیاسییەکان پێشمەرگە دابمەزرێنن فەلسەفەی هەبوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چیە؟

ژمارەی پلەباڵاکانی ھێزەکانی پێشمەرگە پێچەوانەی ستانداردە جیھانییەکانە. بۆڵ برێمەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت: سوپای ئەمریکا ٥٠٠ - ٨٠٠ پلەی سەربازی لە نێوان عەمید - فەریق ھەیە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان پلەی عەمید و لیوا و فەریق زۆر زیاترە لە سوپای ئەمریکا. قوباد تاڵەبانیش لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵانی رابردوو ئاماژە بە زۆربوونی پلەداری ھێزی پێشمەرگە کرد و وتی: پلەی عەمید و لیوا لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لە چین و ئەمریکا.

ھێزەکانی پێشمەرگە کەمترین موچەی ھێزە سەربازییەکانی عێراقیان ھەیە، بەداخەوە ئەوانەی خۆیان بەنوێنەری پێشمەرگە دەزانن لە ھەولێر و بەغدا نەیانتوانیوە موچەی پێشمەرگە ھاوتای سوپای عیراق و حەشدی شەعبی بکەن، یاخود ھاوتای ئاسایش و پۆلیسی ھەرێمی کوردستان بکەن، پارتی و یەکێتی ئەو ھەموو شاندە دەنێرن بۆ بەغدا تەنھا جارێک شاندێکیش بنێرن بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە؟

ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زیاترە لە ھێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. بوونی ھیزی حیزبی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە وایکردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەتوانێت کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، بۆ نموونە ‏لە بەرواری ٧/١/٢٠٢١، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ھێزێکی تایبەت لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دروست بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ھێزەکە دروست نەبوو لەبەر بوونی ھێزی حیزبی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی ٢٧ی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێکی پێشکەش کرد و وتی، "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە و وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەکی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکێتی هەرێمی کوردستان، لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، وەکو ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا رابگرن."

بەڵام بەداخەوە، دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگە لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بەردەوامە.

ھێزەکانی جیھان رۆژ بە رۆژ لە پێشکەوتندان، ئێمەش رۆژ بە رۆژ لە شوێنی خۆمان دەخۆڵێینەوە. یەکێک لەو هێزانە کە بەردەوام لە هەوڵی پێشکەوتندایە، "ھێزی حەشدی شەعبی"یە، کە دوای ماوەیەکی کەم لە دروست بوونیان، توانیان چەندین جۆری چەک بە دەستی خۆیان بەرهەم بهێنن که دیارترینیان فرۆکەی بێ فرۆکەوان و گولەھاوەن و موشەکی مامناوەند و دوورھاوێژە. بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ماوە زۆرە بە سەر دروستبوونی ھێزی پێشمەرگە و ھاوکاری نێودەوڵەتی، ئێمه نەمانتوانیوە فیشەکێکی کلاشینکۆف دروست بکەین یاخود بچوکترین کەرەستەی سەربازی بەرھەم بهێنین، لە کاتێکدا کەسانی شارەزا و دڵسوزمان زۆره لە بوارە جیاجیاکانی سەربازیدا، بەڵام پشتگوێ خراون و سود لە بەھرەکانیان وەرناگیرێت، چونکە فەرماندە باڵاکانی ھێزی پێشمەرگە هێشتا له بازنەی عەقلی ساڵەکانی شەستدا دەسوڕێنەوه و تێناگەن ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە چیە و ئایندەی خاکەکەمان بەرەو چ مەترسییەک هەنگاو دەنێت، بینیمان لە شەڕی داعش بەرپرسان لە بازاری رەش چەکیان دەکڕی بۆ ھێزەکانی خۆیان تا ئێستا پارەی ھەندێک لەو چەک فرۆشانە نەدراوە.

هەموومان به باشی دەزانین که چواردەوری کوردستان به دوژمن تەنراوه، چەندین گروپی جۆراوجۆر دروستبوون که لە پاشەرۆژێکی نزیکدا دەبنە مەترسی بەسەر ھەرێمی کوردستان. نابێت بەردەوام چاوەڕێی ھاوکاری نێودەوڵەتی بین، رۆژێک دێت ھاوکارییەکان کۆتایی پێدێت، پێش ئەوەی بگاتە کۆتایی با ئێمە ببینە خاوەن ھێزێکی رێکوپێک و بەرھەمھێنەر. نابێت بەسادەیی سەیری مەترسیەکان بکەین، بەڵکو دەبێت بیر بکەینەوە چۆن ببینە خاوەن سوپایەکی یەکگرتوو لە ماوەیەکی کورتدا بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان و خاکەکەمان بکەین.

لە کۆتاییدا، ئەگەر چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لەوە زیاتر دوابخرێت و هاوکار نەبین لەگەڵ هاوپەیمانان، دڵنیابن ئەمەریکا و ھاوپەیمانان مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات و بە میلیشیا لە قەڵەمییان دەدات.

گەلەری