چەمچەماڵ لەنێوان خێرو بێری خۆیی و پارتی و یەکێتیدا بەرەو کوێ ؟
AM:08:17:08/01/2026
852 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد حاجی
+
-
چەمچەماڵ خاوەنی سامانێکی سروشتی
ئێجگار زۆرو گەورەیە، خاوەنی گەورەترین یەدەگی کێڵگەی غازە لەهەموو عێراق،
دەسەڵاتدارانی کورد گیرفانی حیزبەکانیان بەداهاتی خێروبێری چەمچەماڵیەکان
پڕکردووە، کەچی دێن بە سەدەقەو سواڵ هاوکاری لێقەوماوانی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی
گەرمیانیەکان دەکەن.
پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ژمارەیەک داتای گەوەری
ئاشکرا کردوون کە جێی سەرنج و تێڕامانن، ئەو پەرلەمانتارە دەپرسێت : بۆ ناتوانن
لەو 125 ملیۆن دۆلارەی کە بە ناوی چەمچەماڵ و ئەنفال کراوان کە
وەرگیراوە ، بڕێکیان بۆ خەرج بکەن..!!
کۆمپانیا نەوتیەکان پێشەکی پارەیان ڕادەستکردووە بۆ بوژاندنەوەی
ناوچەکان، حکوومەت 125 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکانی ئەنفال
کراوان ، لە کۆمپانیاکانی نەوت و گازوەرگرتووە ، بەڵام لەبری پڕۆژەکان
دراوە بە حیزبەکان، لەگەڵ 1.075 یەک ملیار و حەفتا و پێنج ملیۆن
دۆلاری تریش...!
ئەو 1,2 (ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلارە) جگە حیزبە
دەسەڵاتدارەکان،تەنانەت وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانیش نازانێت چی بەسەر
هاتووە، چەمچەماڵ پێویستە قەرەبوو بکرێتەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە دەرەجەی
یەکەم ، وە ئەگەر دەرکەوت و سەلمێنرا کە کەمتەرخەمی لە لایەن کۆمپانیاکان هەبووە
بۆ گرتن یان گۆڕینی ڕێڕەوە ئاویەکان ، ئەوا کۆمپانیاکان دەبێت قەرەبووی
تەواوی زەرەر و زیانەکانی خەڵک و تەنانەت زیانەکانی حکومەتیش بکاتەوە. بەڵام ئایا
کۆمپانیا نەوتیەکان ئەوانەی کاردەکەن ئەرکیان چی دەبێت و چی لە ئەستۆیان
دەبێت ؟ لەبەرئەوەی گرێبەستەکانیان شاراوەیە و بەردەست نییە، ناتوانین سەبارەت بە
پابەندیەکانیان هیچ بڵێین بە ووردی! بەڵام ئەوەی داننپێدانراوە لە لایەن وەزارەتی
سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێم کە بۆ( شیرینی نەوت)( بونیادنانی
تواناکان)تەنها پێش ساڵی ٢٠١٢ ، لەکاتی گرێبەست و بە پێشەکی بڕی 3,2 ملیار دۆلار
لە کۆمپانیاکان وەرگیراوە و بەڵگەکانیش لەلای وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی
هەرێم هەن.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتووی ئیسلامی
زیاتر وتی : لەو پارەیەی وەک شیرینی نەوت وەرگیراوە بڕی125 ملیۆن دۆلاری بۆ
پڕۆژەی ئەنفال کراوان بووە کەچی هیچی بۆ ئەنفالکراوان خەرج نەکراوە،
هەروەهاشیرینی نەوت بۆ ناوچەکان بەبڕی ٣ ملیار دۆلار دراوە بە حزب لەبری
حکومەت.
بە پێی خشتەی
وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان بۆ ناوچەی ئەنفالەکان 287 ملیۆن دۆلار بووە ، بە پێی
خشتەکە 165 ملیۆن دۆلاری خەرج کراوە ، کە ئەویش جێگای گومانە، بەڵام لەو بڕە
125 ملیۆن دۆلار بەڵێندراوە کە چەمچەماڵی تێدایە ، بەڵام خەرج نەکراوە و وەریش
گیراوە لە کۆمپانیاکان! 125 ملیۆن دۆلارەکە و 200 ملیۆن دۆلاری هەڵەبجە و 875 ملیۆن دۆلاری
شوێنەکانی تریش تەنانەت وەزارەتیش نازانێت چی لێ کراوە، بەڵام خۆیان دەڵێن
کە پێشەکی وەرگیراوە !!
جا ئەم حکومەتە ماوەبەسەرچووەی مەسرور بارزانی ئەگەر بیەوێت ئەتوانێت
لەو 125 ملیۆن دۆلارە ئێستا چەمچەماڵ گەشە پێ بدات کە بەناوی ئەوانەوە
وەرگیراوە ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ وەزیرێک و هیچ حیزبێک ئەوەیان لەپارتی و
سەرۆکی حکومەت نەپرسیوە ئایا بۆچی ئەو پارەیە بۆ چەمچەماڵ خەرج ناکەن. کەواتە
بۆبەدەمەوە چوونی چەمچەماڵ و شوێنە کارەساتبارەکان، پێویستە شانبەشانی
ڕێکخراوەکان و خێرخوازان و هاوڵاتیان، حکومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم و
کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە ئەگەر کەمتەرخەم بوون، لەگەڵ بڕێکی ئەم
125 ملیۆن دۆلارە لە حیزب یان وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان یان کۆمپانیا نەوتیەکان
ئەگەر حکومەت بڵێت وەرمنەگرتووە، لە ئێستادا بۆ چەمچەماڵ دابین بکرێت.