سەردێڕ:

دوای ٣٠ رۆژ لە گۆرانکارییە بەردەوامەکانی داهاتووی نرخی نەوت بەرەوکوێ دەچێت؟

PM:03:30:26/03/2022

5408 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەردەوامی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان پرسیارەکان لەبارەی داهاتووی نرخی نەوت و کاریگەری بەردەوامی لەسەر بازاڕەکانی جیهان زیاتر بوون.


لە ڕاپۆرتێکدا ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی خوێندنەوەی بۆ ئەنجامی گۆڕانە بەردەوامەکانی نرخی نەوت بەهۆی کۆرۆنا و جەنگی روسیا و هێرشی بەردەوامی حوسیەکان بۆ سەر بیرە نەوتەکانی سعودیە کردوە.

بەرزترین نرخ لەماوەی ١٥ ساڵدا

لەمساڵدا نرخی نەوت بەڕێژەی ٪٥٠ بەرز بووەتەوە و بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تۆمارکرد بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ ١٣٩ دۆلار و ١٣ سەنت و نەوتی تەکساس بۆ ١٣٠ دۆلار و ٥٠ سەنت بەرز بویەوە.

هاوکات، لەدوای کۆتایهاتنی کۆرۆنا هێشتا لایەنەکانی دابینکاری نەوت لە جیهاندا نەیان دەتوانی بڕی پێویستی نەوتی داواکراو لە بازاڕەکانی جیهان پڕبکەنەوە، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر روسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

هەروەها بەهۆی ناکۆکیەکانی جەنگی ئۆکرانیاوە، هێرشی چەکداری حوسیەکان بۆ سەر بیرەنەوتەکانی سعودیە زیادی کردووە و ئەمەش بۆتە هۆی دروستکردنی ترسی زیاتر لە کەمبونەوەی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.

لە راپۆرتەکەیدا ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بەوەداوە، لەگەڵ رێککەوتنی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لەبارەی پشتنەبەستنی بە نەوتی روسیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت بەرز و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینی.

لایخۆشیەوە، مەدحەت یوسف جێگری سەرۆکی دەستەی نەوتی میسر ئاماژەی بەوەدا، زیاتربونی سزاکانی سەر روسیا ترسی کەمبونەوەی دابینکردنی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر دەکات بەهۆی ئەوەی روسیا ١٠٪ی نەوتی جیهان دابین دەکات.

باسی لەوەشکرد، رێژەی دابینکردنی وزە لە بازاڕەکاندا پارێزراوە و هیچ ترسێک نییە لە کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخەکان لەسەر ئەو پێداویستیانە بەڵام هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ وەستاندنی پێداویستییە نەوتییەکانی روسیا نیگەرانییەکانی کەمبونەوەی وزە زیاد دەکات نرخەکانی سووتەمەنی بەرز دەکاتەوە.

راشیگەیاند، دابڕاندنی نەوتی روسیا لە بازاڕەکانی جیهان پێویستی بەوەیە جێگرەوەیەکی بەپەلەی بۆ دابینبکرێت و ئەمەش بە چاولێکردن لە پەیوەندی نێوان روسیا و ولاتانی ئۆپیک شتێکی قورسە.

گەشتی بەرزبونەوەی نرخی نەوت

چەند کاتژمێرێک پێش جەنگ نرخی نەوت جێگیر بوو و لە بەرزترین ئاستیدا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە و نرخی یەک بەرمیلی خاوی برێنت ٩٦ دۆلار و ٨٤ سەنت بوو، بەڵام لەدوای هێرشەکانی روسیا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ١٠٠ دۆلاری تێپەڕاند.

لەگەڵ بەردەوامی جەنگ نرخی نەوتیش بەردەوام بوو لە بەرز بوونەوە و نزمبوونەوە، بەڵام کاتێک واشنتۆن رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی تاوتوێی سزادانی روسیا دەکەن و لە لایەکی تر لە رێککەوتنی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران دواکەوت، نرخی نەوت بەرزبونەوەیەکی زۆری بە خۆیەوە بینی و بە ١٣٩ دۆلار و ١١ سەنت بەرزترین ئاستی خۆی لەساڵی ٢٠٠٨ەوە تۆمارکرد.

ئێستا و لە داوای ٣٠ رۆژ لە جەنگ، دوای هێرشێکی موشەکی حوسیەکان بۆ سەر بنکەیەکی دابەشکردنی نەوت لەسعودیە نرخی خامی برێنت ١٪ بەرز بووەوە و دوبارە ترس لەسەر کەمی دابینکردنی نەوت زیادیکرد، بەڵام ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە یەدەگی نەوت کەمێ ئەو ترسەی رەواندەوە.

هاوکات، سعودیە کە گەورەترین دابینکاکاری نەوتە لە وڵاتانی عەرەبیدا هۆشیاریدا کە ئەگەر حوسیەکان بەردەوام بن لە هێرشەکانیان ئامادەنین کەمی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا پڕبکەنەوە.

پێشبینیە بەدیهاتووەکان

لە دەستپێکی قەیرانەکە لە ئۆکرانیا، گۆڵدمان ساکس بانکی وەبەرهێنان لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا، کە پێوانەی جیهانی نەوتی خاو بەرز دەبێتەوە بۆ سەرووی ١١٥ دۆلار و مەترسیش هەیە زیاتر بەرزترببێتەوە.

هەروەها لە راپۆرتی پێشبینی مانگانەیدا ئاشکرای کرد کە تەنها دابەزینی داواکاری نەوت دەتوانێت ئەو بەرزبوونەوە بوەستێنێت کە رووینەداوە.

لایخۆشیەوە، هەفتەی رابردوو، گروپی ترەفیگورا پێشبینیکرد کە نرخی نەوتی خاو بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوەدا، لەوانەیە لە هاویندا بگاتە ١٥٠ دۆلار و کۆمپانیای ڤیتۆل بۆ بازرگانی وزەی جیهانی، پێشبینیکرد کە ئاستی داواکاری نەوت لەساڵ ٢٠٢٢ دا زیاتر ببێت و نرخی زیاد بکات .

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی تاسی روسیا، روسیا پێشبینیدەکات لەگەڵ زیادبونی سزاکانی سەری نرخی نەوت بۆ ٣٠٠ دۆلار بەرز ببێتەوە.

 
ئازیز کامەران












گەلەری