سەردێڕ:

شنگال.. له‌ كۆی ٨١ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ ٢٣ گۆڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌ و پڕۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌

PM:01:04:17/03/2022

3460 جار خوێندراوەتەوە

چوار گۆڕی بەکۆمەڵ لەشنگال هەڵدراوەتەوە، بەوتەی بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ژن و منداڵیان تێدایە.


لە سێی ئابی ٢٠١٤دا، داعش پەلاماری قەزای شنگال و ناوچەکانی سەربە قەزاکەیان دا و بەم ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان جینۆساید كرد و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شیان رفاند کە تا ئێستاش چارەنووسی زیاتر لە دوو ھەزار و ٧٠٠ کەس نادیارە.

دوای ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی نه‌ینه‌وا و شوێنه‌كانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش، ٨١ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراونه‌وه‌ و دواتر رێكاره‌كانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌شێك له‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ ئه‌نجامدرا كه‌ تا ئێستا ٢٣ گۆڕ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌، دوا پڕۆسه‌ش هه‌ڵدانه‌وه‌ی چوار گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ بوو له‌ كۆتایی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ.

به‌ره‌ڤان حه‌مدی بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، رایگەیاند كه‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی چوار گۆڕە به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دووڕێیانی گوندی حه‌ردان ته‌واو بووه‌ و رووفاته‌كان نێردراون بۆ پشكنینی دادوه‌ریی.

بەوتەی به‌ره‌ڤان حه‌مدی ''هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان پڕۆسەیەکی بەرەدەوامە بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئەم یاسایە لەلایەن تیمی نیشتمانیی بە هەماهەنگی یونیتاد و لیژنەی نێودەوڵەتیی بۆ کەسانی بێسەروشوێن دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان کراوە، ئەمەی دوو هەفتە پێش ئێستا دەستی پێ کرد لە ناوچەی حەردان بوو کە بریتیی بوو لە چوار گۆڕی بەکۆمەڵ، پڕۆسەکە لەماوەی ١٦ رۆژدا تەواو بوو، رووفاتەکان هەڵگیرانەوە و بەرەو پزیشکی دادیی بۆ بەغدا گواسترانەوە، پێشبینی دەکرێت کە پشکنینی ئێسک وەربگیرێت، دوای پشکنینەکەش لەیەکچوون دەکرێت لەگەڵ نموونەی ئەو خوێنەی کە لە کەسوکاری قوربانییەکان وەرگیراوە''.

بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، به‌ره‌ڤان حه‌مدی له‌باره‌ی ناسنامه‌ی قوربانییه‌كان و ئه‌و به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنتانه‌ی له‌ میانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌ستكه‌وتووه‌ وتی: ''بەپێی زانیارییە بەراییەکان، پێشبینی دەکەین ئەو خەڵكە، خەڵکی سڤیلی ناوچەی شنگال و حەردان و دەورووبەری بن، چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین کە لەلایەن پزیشکی دادیی دەردەچێت و دواتر بەپێی رێکارە یاساییەکان کارەکان ئەنجام دەدرێت بۆ سپاردنی رووفاتەکان''.

به‌ره‌ڤان حه‌مدی سه‌باره‌ت به‌ مێژووی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان، رایگەیاند ''هەمووی دوای پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعشە بۆسەر قه‌زای شنگال لە سێی ئابی ٢٠١٤، ئەم تاوانە تاوانی کۆمەڵکوژییە، هەموو ئەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی لەبەردەستدایە سەلمێنەری ئەوەیە کە تیرۆریستانی داعش تاوانەکانیان له‌م شوێنه‌ ئەنجامداوە''.

به‌وته‌ی بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان مێردمنداڵ و پیاوی تیادایه‌ و گۆڕێكی دیكه‌ش تایبه‌ت بووه‌ به‌ ئافره‌تان و له‌مباره‌یه‌وه‌ وتی: ''تەمەنەکان جیاوازن لە مێردمنداڵییەوە تا تەمەنی گەورەی تێدایە، ئەو تاوانەی لەم سنوورەکراوە زیاتر قوربانییەکان پیاو و مێردمنداڵ بوون، هەروەها یەکێک لە گۆڕەکان کە تا ئێستا هەڵنەدراوەتەوە تایبەتە بە ئافرەتان کە دەکەوێتە نزیک پەیمانگا لە ناوچەی شنگال ئەویش لە چوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەدایە و لە قۆناغەکانی داهاتوودا کاری لەسەر دەکەین''.

به‌ره‌ڤان حه‌مدی سه‌باره‌ت به‌كۆی ژماره‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ قه‌زای شنگال ده‌ڵێت ''بە گشتی ٧٢ گۆڕی بەکۆمەڵ تەلبەندکراوە، بەو گۆڕە نوێیانە کە وەکو موتەفەریقە دیاریکراوە دەبێتە ٨١ گۆڕی بەکۆمەڵ، سێ گۆڕی یەکەم لە سنوونێ و خانەسوور، دواتر ١٦ گۆڕ لە سنووری گوندی کۆجۆ هه‌ڵدرانه‌وه‌، ئێستاش ئەوەی گوندی حەردان دەستی پێ کردووە کە چوار گۆڕی بەکۆمەڵە، واتا لە کۆی ٧٢ گۆڕ ئەو سێ قۆناغەی ئاماژەمان پێی کرد هەڵدراوەتەوە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین".

رۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ لە میانی دەستپێکردنی پرۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی حەردان باشووری چیای شنگال، دیندار زێباری وەک نوێنەری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رایگەیاند کە حکوومەتی ھەرێم تاوانەکانی داعشی دۆكیۆمێنت کردووە و لەم رووەوە پێنج ھەزار و ١٧٠ دۆسیە تۆمارکراون، لەوانە دوو ھەزار و ٣٢٤ دۆسیە لێکۆڵینەوەکانیان کۆتایی ھاتووە و ئامادەن و وتی:

"لە کۆی شەش ھەزار و ٤١٧ رفێندراو، تا ئێستا سێ ھەزار و ٥٥٧ کەس رزگارکراون، بەداخەوە دوو ھەزار و ٧٥٦ کەس رزگارنەکراون و حکوومەت بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ رزگارکردنیان، دوای رزگارکردنیشیان حکوومەتی ھەرێم پێداویستییەکانیان دابین دەکات و یارمەتییان دەدات بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە نێوکۆمەڵگا و تا ئێستا زیاتر لە ھەزار ئافرەتی رزگارکراو نێردراون بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەرکردن.


ئانادۆڵۆ- هێمن حوسێن













گەلەری