سەردێڕ:

دەستپێشخەرییەکی نوێ بەڕێوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق

PM:12:20:28/02/2022

18244 جار خوێندراوەتەوە

پرۆسەی سیاسیی لە عێراق جۆرێک لە چەقبەستوویی پێوە دیارە ئەویش دوای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو پێکهێنانی حکومەت. دوای سەردانی سوننەکان بۆ تورکیا و سەرۆکی ئێران بۆ قەتەر چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکی نوێ دەکرێت.


سەرەڕای تێپەڕینی کات بەسەر وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام بەهۆی رکابەریی توند لەسەر پۆستەکە لەنێوان یەکێتی و پارتی و شۆڕبونەوەی ئەو ململانێیەش بۆ ناو هاوپەیمانی سەدر- حەلبوسی -پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی کێشەکان گەورەتر بوون وای لێهاتووە رێگە بەپڕکردنەوەی نیساب نادرێت.


سەرەڕای تێپەڕینی کات بەسەر وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام بەهۆی رکابەریی توند لەسەر پۆستەکە لەنێوان یەکێتی و پارتی و شۆڕبونەوەی ئەو ململانێیەش بۆ ناو هاوپەیمانی سەدر- حەلبوسی -پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی کێشەکان گەورەتر بوون وای لێهاتووە رێگە بەپڕکردنەوەی نیساب نادرێت.

هەر یەکە لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە لایەن یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و رێبەڕ ئەحمەد (لە ئەگەری پەسەند کردنی لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵەوە) وەک بەهێزترین کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستەکە هەژمار دەکرێن.

موقتەدا سەدر کە رەوتەکەی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە، خواستی پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی ھەیە جیاواز لە ھێزە شیعەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە داوای پێکھێنانی حکوومەتی تەوافوقی دەکەن کە ھاوشێوەی حکوومەتەکانی پێشوو سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران لەخۆبگرێت.

سەدر بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ چوونە ناو ھاوپەیمانێتیی لەگەڵ لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی جگە لە سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی ئەمەش لەلایەن ھێزەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی رەتدەکرێتەوە.

ھەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چوارچێوەی ھەماھەنگیییە کە ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت لەیەک بەرەدان، بۆیە ئەمە وای کردووە کە رەوشی سیاسیی لە عێراق ئاڵۆز بێت.

دەستپێشخەریی دەرەکی

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بەگشتی و ئەمریکا و ئێران بەتایبەتی دەتوانن هەموو هێزە عێراقییەکان لە کێشەکان رزگار بکەن لە رێگەی رێککەوتنێکەوە هەموو لایەک رازیبن لەسەری بەگوێرەی سیاسەتی پشک پشکێنە و نەژادی و تائیفی.

هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەستیان بە جموجوڵەکانیان کردووە لە ترسی ئەوەی بابەتەکە لە ژێردەستیان دەربچێت و بچێتە بەژەوەندی لایەکەوە سودی بۆ کەسیان نەبێت.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێکراوەکان، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران لە سەردانەکانیدا بۆ هەرێم و بەغدا بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی بینیوە جگە لە موقتەدا سەدر.

لەیەکێک لە سەردانەکانیدا قائانی سەردانی گۆڕی محەمەد محەمەد باقر سەدر باوکی موقتەدا سەدری کرد و لە نزیک گۆڕەکەی نزای کردووە.

لە سەردانەکانیدا ئیسماعیل قائانی لەگەڵ بەرپرسانی چوارچێوە هەماهەنگی کۆبووەتەوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییە دزە پێکراوەکان، ئێران هەوڵیداوە چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر لەیەک بەرەدا کۆبکاتەوە بەمەرجی ئەوەی ئێران هیچ دەستوەردانێک لەکاروباری ناوخۆی عێراقدا نەکات.

لەگەڵ جوڵەکانی ئێران دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بە دورخستنەوەی هۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەپێی زانیاریەکانی شەرقولئەوسەت زێباری سکاڵای خۆی لای قائانی کردووە کە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران شانبەشانی شاندی یەکێتی لە جوڵە و سەردانەکاندا بەشدارە بەئامانجی هێشتنەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستەکەیدا.

جوڵەیەکی ئێرانی

لەبەرامبەردا، بەگوێرەی زانیارییە دزە پێکراوەکان ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قەتەر و داوای لە قەتەرکردووە دەستوەردان بکات و داوا لە سوننەکان بکات زۆر لە سەدر نزیک نەبنەوە.

هەربەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، لەگەل سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی بۆ قەتەر بەرپرسێکی باڵای سوننیش دوور لە چاوی کامێراکان سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.

دوای چەند رۆژێک وێنەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بڵاوکرایەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە دۆخەکەی شڵەقاندووە، ئەگەر چی شاندی سوننەکان رایانگەیاند، ئەوان بەمەبستی هەواڵپرسینی ئەردۆغان سەردانی تورکیایان کردووە دوای ئەوەی کۆرۆنای تێپەڕاندووە، بەڵام لایەنەکان ناتوانن باوەڕ بەمە بهێنن.

لەبەرامبەردا، سەدر و پارتی و سوننەکان لەم رووداوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە و چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتیش بە پلاندانانی دەزانن.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی وێنەکە، خەمیس خەنجەر لە تویتێکیدا رایگەیاند، "ئەوان لەگەڵ حکومەتی زۆرینەن".

بەڵام بەگوێرەی زانیارییە دزە پیکراوەکان رێککەوتن و گرێبەستێکی هەرێمی ژێربەژێری کراوە بە ئامانجی کرانەوەی ئەو دەرگا سیاسییەی بەڕووی هێزە عێراقییەکاندا داخراوە لە پێکهێنانی حکومەتدا.

ئەو هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەی لەلایەن پارتی و سەدر و سوننەکانەوە پێکهێنراوە، موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەکات و لە ئێستادا جگە لە چاوەڕوانی دوا بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کە بڕیارە سبەینێ دەربکرێت لەبارەی دەستوری بوونی جارێکی دیکەی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری.

ئەگەر سبەینێ دادگای باڵای فیدڕاڵی خۆکاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری پەسەند بکات و لەگەڵیشیدا رێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە قەبوڵبکات، ئەوا بەگوێرەی رێککەوتنەکانی نێوان پارتی و سەدر و سوننەکان بەڕێوەدەچن، بەڵام ئەگەر دادگا رەتی بکاتەوە، کە بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەگەرێکی زۆری هەیە رەتبکرێتەوە، ئەوا موقتەدا سەدر ناچار دەبێت پابەندی رێککەوتنە هەرێمییەکە بێت.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێکراوەکان، موقتەدا سەدر رێککەوتووە لەسەر ئەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێکبکەون بەمەرجی ئەوەی ئێران پابەندبێت بەومەرجانەی سەدر بۆ ئێران و چوارچێوەی هەمانهەنگی داناوە.

بەپێی ئەنجامی کۆتایی پەسەندکراوی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستھێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە، ھاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵکدا بەسەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید ٢٨ کورسی، ھاوپەیمانیی فەتح بە سەرکایەتی ھادی عامری ١٧ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، ١٨ کورسی و ھاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەستھێناوە.













گەلەری