سەردێڕ:

ئایا شەڕێکی دیکەی جیهانی روودەدات؟

PM:07:49:12/02/2022

38016 جار خوێندراوەتەوە

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆی راگەیاند، وڵاتەکەی باوەڕی وایە کە پوتین بڕیاریداوە ئۆکرانیا داگیربکات و لەوانەیە هێرشەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا رووبدات.


روسیا ئەگەرچی نزیکەی ١٠٠ هەزار سەربازی کۆکردووەتەوە، بەڵام رەتیدەکاتەوە هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، ئەی کاردانەوەی ئەمریکا چی دەبێت؟

روسیا لەچی شتێکی ئۆکرانیا نیگەرانە؟ بۆچی دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت؟

مێژووی ململانێکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک لەمەوپێش، ئەو کاتەی هەردوو گەل لەژێر چەتری دەوڵەتی کییڤ- روسدا دەژیان هەربۆیە، پوتین ئێستاش باس لەیەک گەل دەکات.

لەچەند سەردەمێکی جیاوازیشدا ئۆکرانیا لەژێر دەسەڵاتی روسیا و دواتریش لەژێر رکێڤی یەکێتی سۆڤییەتدا بووە تا رووخانی یەکێتی سۆڤیەت لەساڵی ١٩٩١ دا.

گەرچی روسیا دەیوست دەست بەسەر غازە هەرزانەکەی ئۆکرانیادا بگرێت، بەڵام چاوی ئۆکرانیەکان لەسەر رۆژاوا بوو.

یەکەم خاڵی ناکۆکی لەسەردەمی پووتیندا لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستیپێکرد ئەوکاتەی روسیا ویستی بەنداوێک رووەو کوسا توسلا بنیات بنێت، دوا بەدوای ئەوەش روسیا دەستوەردانی لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٤ دا کرد و پشتیوانی راستەوخۆی ڤیکتۆر یانۆکۆفیتشی دەکرد، بەڵام شۆڕشی پرتەقاڵی ئۆکرانیەکان ریسەکەی لەروسیا کردە خوری، لە کاردانەوەشدا روسیا دوو جار پێداویستی غازی لەئۆکرانیا بڕی و ئەو غازەشی راگرت لەئۆکرانیاوە دەچوو بۆ روسیا، هەر ئەوە نا بەڵکو رێگر بوو لەوەی ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لەهاوپەیمانی ناتۆ.

وێستگەیەکی دیکەی ناکۆکی

روسیا ساڵی ٢٠١٤ دەستیگرت بەسەر نیمچە دورگەی قرمدا، لەلایەکی دیکەشەوە دوو کۆماری میللی لەدۆنتیسک و لۆ هانسکیان جیابونەوەیان راگەیاند.

بەناوبژیوانییەکی فەرەنسی و ئەڵمانی جارێکی دیکە روسیا و ئۆکرانیا دانوستانەکانیان دەستپێکردەوە، ئۆکرانیا روسیای تۆمەتبارکرد بەوەی هێزە روسەکان یارمەتی یاخیبووەکانی دۆنتیسکیان کردووە.

پوتن ئامادەنییە بەهێج شێوەیەک لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیادا دابنیشێت، هۆشداری راستەوخۆشی داوەتە ئەمریکا هاریکاریی سەربازی ئۆکرانیا نەکات ئەو هۆشدارییەی ئەمریکا بەئەنقەست پابەند نابێت پێوەی.

هاوکات روسیا سوورە لەسەر ئەوەی نابێت ئۆکرانیا بەهیچ جۆرێک ببێتە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، ئەوەشی بەهێڵی سوور ناوبرد.

بەرپرسانی ئەوروپا و ئەمریکا ئیدانەی روسیا دەدەن، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئاماژەی زۆر مەترسیداری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لەگەڵ روسیا هەیە. ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین کە دەکرێت داگیرکردنێک لە هەر خولەکێکدا رووبدات."

ئەمریکا کەوتووەتە خۆی و هێزی سەربازیی رەوانەی پۆلەندا کردووە، بەڵام جەیک سوڵیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت: "ئەگەر روسیا دەست بە داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات، هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا وەڵامی سەربازییانەی روسیا نادەنەوە".

بەڵام نەیشاردەوە ئەمریکا و هاوبەشەکانی ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی خێرا، لەنێویاندا سەپاندنی سزای ئابووریی تووند.













گەلەری