سەردێڕ:

لە نوێترین توێژینەوەدا هۆکاری ناسەقامگیری کەشوهەوا ئاشکرا کران

PM:12:18:07/02/2022

6292 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە، لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو زەریاکان بە شێوەیەکی بەرچاو گەرمتر بوون ئەمەش بۆتە هۆی تێکچونی کەشوهەوا لە سەرانسەری جیهاندا.


گۆڤاری ئەدڤانس ئین ئەتمۆسفیر کە توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا هاتووە، گەرمبوونی پلەی گەرما لە سەرجەم زەریاکان بە هەمان رێژە نییە، بەڵکو زەریاکانی ئەتڵەسی و هیندی و باکور و هێمن خێراتر لە بەشێک لە زەریاکانی دیکە گەرم دەبن.

ژان ئەبراهام زانای کەشناسی و بەشدار لە توێژینەوەکە بە دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند، لە زەریاکاندا پلەی گەرمی بە شێوەیەکی سیستماتیک بە هۆی جوڵەی ئاوەوە دابەشدەبێت، واتە دەکرێت بەشێکی زەریاکە لە بەشێکی تری گەرمتر بێت.

وتیشی، چالایکییەکانی مرۆڤ دەبێتە هۆی زۆربوونی گازە گەرمی چڕەکان و ئەو گازانش پلەی گەرمی زەیاکان بەرز دەکەنەوە.

باسی لەوەشکردووە، لە ساڵی رابردوودا زەریاکان رۆژانە لە چرکەیەکدا بە رێژەیەک گەرمییان هەڵمژیووە هاوتای حەوت ئەوەندەی گەرمای بۆمبەکەی هێرۆشیما بووە بەدرێژایی ٣٦٥ رۆژ لە ساڵێکدا.

ژان ئەبراهام ئاماژەی بەوەشداوە، زەریاکان بەڕێوبەری سەقامگیری کەشن و و گەرمبوونی زەریاکان دەبێتە هۆی زریانی توند و بەهێز.

لەلایەن خۆیەوە مایکڵ مان، پرۆفیسۆری زانستی بەرگە هەوا لە زانکۆی ولایەتی پەنسلڤانیا و بەشدار لە توێژینەوەکەدا رایگەیاند، پلەی گەرمای گشتی لە ئێستادا زیاترە لە یەک پلەی سەدی.

رونیشیکرەوە، هەرچەندە یەک پلەی سەدی بە ژمارەیەکی زۆر کەم دادەنرێت لە پلەی گەرمادا، بەڵام هەر گۆڕانکاریەک لە پلەی گەرمادا، ئەگەرچی کەمیشبێت لەوانەیە کاریگەری گەورەی لەسەر سیستەمی کەش هەبێت، و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی ماسی و داڕمانی پلێتی بەستەڵەک لە کیشوەری جەمسەری باشوور.

هەروەها، مایکڵ مان هۆشیاریدا لەوەی دەبێت گازی گەرمی پەنگخواردوو بە زوترین کات چارەسەر بکرێت ئەگەر نا دەرئەنجامی خراپی لەسەر ژینگە دەبێت.

داوای لە حکومەتەکانی جیهانیش کرد، هاوکاریان بن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بڵاوبوونەوەی کاربۆن بە رێژەی ٥٠٪ لە ماوەی سەدەیەکدا.

لیژینگ چینگ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و پرۆفیسۆر لە پەیمانگای فیزیای بەرگی هەوا لە ئەکادیمایای زانستی چین لەو بارەیەوە هۆشیاریدا، ئەگەر تەنها بڕێکی کەم لە گەرما و گازە گەرمەکان لە بەرگی هەوادا پەنگ بخۆنەوە زەریاکان زۆرینەی هەڵدەمژن.

باسی لەوەشکرد، روودانی زریانی بەهێز بۆ سەر ناوچە کەنارییەکان زیاتر دەبێت کە مەترسیە بۆ ژێرخانی کەنارەکان لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان.

هاوکات، ئەلیکسی میشینۆف زانای توێژینەوە لە ناوەندی زانستی سیستەمی زەوی لە زانکۆی ماریلاند و بەشدار لە توێژینەوەکەدا دەڵێت، زریانەکان و باوبۆران و زریانەکانی بەفر هەمووی بەستراوە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەریاکان.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئەکادیمیای زانستی نیشتمانی لە ئەمریکا توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە تەنها پلەی گەرمی بەس نییە بۆ پێوانەکردنی ئاستی ئاڵۆزی کەش، بەڵکو هەژمارکردنی کەش و پلەی گەرما پێکەوە گۆرانکاریە کەشییەکان دیاری دەکەن.

رام رامانسان زانای کەشو هەوا لە پەیمانگای سکریپس بۆ زانستی زەریاکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ساندیاگۆ و زانکۆی کۆرنێڵ و بەژدار لە توێژینەوەکە رایگەیاند، کەشە توند و بەهێزەکانی وەک باران و لافاو بە هۆی بڕی ئاو و شێوەی هەوا دروست دەبن.

رامانسان وتیشی، دوو هۆکار هەیە بۆ رودانی گۆڕانکاری دیار لە کەشدا ئەوانیش پلەی گەرما و شێن.

لە بارەی کاریگەری شێشەوە ئاشکرای کرد، کاتێک ئەو شێیە خەست دەبێتەوە ئەوا گەرما یان وزە دەر دەدات، بەم هۆیەوە کاتێک باران دەبارێت گەرما لەگەل خۆی بڵاو دەکاتەوە سەرباری ئەمەش هەڵمی ئاو گازێکی بەهێزە گەرما لەخۆ دەگرێت لە بەرگی هەوادا و گۆڕانکاری کەش زیاتر دەکات.

باسی لەوەشکرد، "کاتێک تەنها پێوانەی پلەی گەرما وەردەگرین، پێدەچێت گەرمبوون زیاتر روون بێت لە ئەمریکای باکوور و هێڵەکانی ناوەڕاست بەتایبەتی جەمسەرەکان و کەمتر لەوە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی زەوی، بەڵام وەک ئەمە چارەسەر نیە، چونکە شێی بەرز لە ناوچەکانی ناوەڕاستی زەوی دەبێتە هۆی زیاتربوونی چالاکی بای توند و لە بای توندەوە بۆ زریانی هێڵەکان و بای وەرزیی".

توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە ساڵی ١٩٨٠ تا ٢٠١٩ پلەی گەرمای جیهان بەڕێژەی ٧.٩٪ بەرزبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ بەهەند وەرگرتنی وزە لە شێدا، پلەی گەرمای جیهان و شێ بە بڕی ١.٨٤٪ بەرزبووەتەوە.

ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ وە ٢٣ زانای نێودوڵەتی لە بواری کەشناسی بە بەردەوامی شیکاریان بۆ هەزارەها پێوانەی گەرمی لە زەریاکانی جیهاندا کردووە، لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەیان بۆیان دەرکەوتووە پلەی گەرمای زەریاکان هەموو ساڵێک بەرزتر دەبێتەوە.

دەئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیانە لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا وڵاتە جیا جیاکانی جیهان توشی لافاو و زریانی گەورە دەبن و پێشتریش زانایان هۆشیاریان داوە لە خراپی باری کەشوهەوا و گەرمبونی بەرگەزەوی و جیهانیان لە مەترسییەکانی گەرمبوونی زەوی ئاگادار کردووەتەوە.













گەلەری