ئێوارەی رۆژی سێشەممە، بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا (IPT) کە لە فیشخابورەوە گرێدراوە بە بۆری نەوتی کوردستانەوە بەهۆی شۆرتی کارەباوە لە ناو خاکی تورکیادا تەقیەوە، ئەمەش بۆ ماوەیەکی کورت بووە هۆی وەستانی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا هاتووە، دوای نزیکەی ١٥ کاتژمێر لە تەقینەوەی بۆرییەکە هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکوک دەستی پێکردەوە، لە رێگەی ئەو بۆریە یەدەکەی کە بە تەنیشت بۆریە تەقێنراوەکەوە دانراوە.
بۆریە تەقێنراوەکە ٤٠ ئینجە و بۆریە یەدەکەکە کە ئێستا بەکاردەهێنرێت
٤٦ ئینجە، بەمەش پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان "٤١٥ هەزار بەرمیل
لە رۆژێکدا" و نەوتی کەرکوک "٧٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە" کە لە لایەن
وەزارەتی نەوتی عێراقەوە هەناردە دەکرێت بە هەمان بڕو توانای پێشووەوە دەستی پێکردەوەتەوە.
بڕی ئەو نەوتەی کە لە خەزانەکانی هەرێم و کەرکوکدا ماوەتەوە
و هەناردە نەکراوە بەهۆی ئەم تەقینەوەوە بە ٣٠٠ هەزار بەرمیل دەخەمڵێنرێت و لە
توانای بۆریە یەدەکەکەدا هەیە لە ١٢ تا ١٥ رۆژدا ئەم بڕە زیادە خەزنکراوە بنێرێتەوە
بۆ بەندەری جەیهان، سەرەڕای ناردنی بڕی هەناردەی ئاسایی.
ئەم تەقینەوە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە ناوەندە
بازرگانیەکانی جیهان و بازاڕی نەوتی خاودا، چونکە لە ئێستادا بە رادەی یەک ملیۆن بەرمیل
کورتهێنانی خستنەڕوی رۆژانەی نەوتی خاو هەیە "خواستی جیهانی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆنە
بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەڵام خستنەڕوو ٩٩ ملیۆنە، بە پێی ئاژانسی وزەی جیهانی"
هەربۆیە نرخی نەوت لە زیادبوونێکی بەردەوامدایەو وا چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی
کورتدا بگاتە سەرووی ١٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەهای ئەو نەوتەی کە هەرێمی کوردستان بۆی هەناردە نەکراوە
لە ماوەی ئەو ١٥ سەعاتەی دوای تەقینەوەکە کە پێویست بوو بۆ خستنەکاری بۆریە یەدەکەکە،
بە ١٩ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت بە نرخی داشکاوی نەوتی هەرێمیش. فرۆشتنی نەوت لە رێگای
ئەم بۆریەوە زیاتر لە ٥٥%ی داهاتە گشتیەکانی حکومەتی هەرێم بوو لە ساڵی ٢٠٢١دا.
هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا (IPT) پێکهاتووە لە دوو بۆری کە بە تەنیشت یەکەوە
دروستکراون. ئەگەر بەرهەمی نەوتی خاو هێندە زۆربێت کە هەناردەکردن لەم هێڵەوە بگاتە
١یەکملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوا بە ناچاری هەردوو بۆریەکە بەکاردەهێنرێت، بەڵام
لە کاتێکدا کە هەناردەی رۆژانە لەم بۆریەوە کەمترە لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا
تەنها یەک بۆریان پێویستەو ئەوی تر وەک یەدەک سودی لێوەردەگیرێت.
پێشتر بەهۆکاری سیاسی چەند جارێک ئەم بۆریە لە ناو تورکیادا
تەقێنراوەتەوە.