سەردێڕ:

ئاگاداریەک لە پەروەردەوە

AM:10:07:17/01/2022

16076 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، هەر قوتابی و خوێندکارێک بەهۆی ئەم شەپۆلی بەفر بارینەوە نەیتوانی ئامادە بێت لە تاقیکردنەوەی ئەمڕۆدا بەشداربێت ئەوا لە دوای پشووی کۆتایی وەرزی یەکەم تاقیکردنەوەکەی ئەنجام دەدات.


ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا هاتووە، هەر قوتابی و خوێندکارێک بەهۆی ئەم شەپۆلی بەفر بارینەوە نەیتوانی ئامادە بێت لە تاقیکردنەوەی ئەمڕۆدا بەرواری ١٧/١/٢٠٢٢ ئەوا لە دوای پشووی کۆتایی وەرزی یەکەم تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی وەک قوتابی و خوێندکارێکی مۆڵەت پێدراو دەتوانێت تاقیکردنەوەکە ئەنجام بدات.

دەشڵێت، تاقیکردنەوەکە بە پێی خشتەیەک کە لەلایەن کارگێڕی قوتابخانەو خوێندنگەکانەوە دیاری دەکرێت ئەنجام دەدرێت.

هەر ئەمڕۆش، لەبارەی راگرتن و بەردەوامبوونی دەوامی فەرمی لەسەر جەم دامودەزگاکانی پارێزگای سلێمانییەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوەندی شاری سلێمانی لە سەرجەم دامودەزگاکان دەوامی فەرمی بەردەوامدەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ نۆ شوێن موچە وەردەگرن، راگرتنی دەوام کاریگەری دروست دەکات.

لەبارەی ئەگەری راگرتنی دەوامی دامو دەزگاکان لەرۆژانی داهاتوودا، پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکرد، بڕیارەکە بەندە لەسەر راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم و ئاماژەکانی دۆخی کەشوهەوا.

ئاماژەی بەوەشدا، "دەسەڵاتی تەواومانداوە بە سەرۆکی هەموو یەکە کاڕگێرییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کە بە پێی تایبەتمەندی دۆخ و ژینگە و ئاستی دابەزینی پلەکانی گەرما و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان بڕیار بۆ سنوری ئیدارەکانی خۆیان بدەن".

وتیشی، پارێزگای سلێمانی بە هەموو یەکە ئیدارییەکانییەوە لە ئێستادا لە راوێژکردندان سەبارەت بە راگرتنی دەوام لە دامودەزگاکاندا.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستەڕوو، لەناو ناوەندی شاری سلێمانی بەگوێرەی راپۆرت و بڕیاری قائمیقامییەتی سلێمانی دەوام رادەگیرێت یان بەردەوامدەبێت دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی کەشوهەوا و لە ئێستاشدا لە راوێژدان لەو بارەیەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی سەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی سەرما و بەفر و باران رووی لە هەرێم کردووە.

کـ ، ئـ

 















گەلەری