بەهۆی شەپۆلەکانی بارانابارینی ئەمساڵەوە ئاستی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بەرزبوونەتەوە و چەندین کانی و کارێز و سەرچاوەی ئاویش بەهۆیەوە ژیاونەتەوە.
رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکردووە ئاستی ئاوی دەربەندیخان بۆ نزیک لە مەترێک زیادی کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان ئاستی ئاوی دوکانیش بۆ نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
شارەزایان ئاماژەیان
بەوەکردووە، زۆرێک لە کانی و کارێز و سەرچاوەکانی ئاو ژیاونەتەوە و ئاستی ئاویان زیادیکردووە،
لەوانەش چەمی مۆکەی شارباژێر و سەرچاوە ئاوییەکانی گوندی قەیوان و سەرچاوەی ئاوی ریشێنی
ناوچەی شارەزور و چەندانی دیکە لە تەنها لە سنوری شاری سلێمانی.
بژار ئەکرەم لێپرسراوی
پێشبینییەکان لە بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند،
کاریگەریی ئەو پاڵە پەستۆیانەی رووی لە ناوچەکانی هەرێم کردووە بەردەوام دەبێت،
بارانی بەخوڕ و بەفریش لەناو سەنتەری شارەکانی دهۆک و سلێمانی و هەولێر دەبارێت.
ئاماژەی بەوەشکرد،
لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا بارستە هەوایەکی سارد روو لەناوچەکە دەکات و پلەکانی
گەرما بۆ ١٢پلەى ژێر سفر دادەبەزێت.
لەبارەی ڕێژەی
بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە پارێزگای سلێمانی
١٩١ ملم، لە هەولێر ١٢٧ ملم، لە دهۆک ٧٦ ملم ، لە هەڵەبجە ٢١٧ ملم بارانباریووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە،
لە ساڵی رابدوودا بەهۆی کەم بارانییەوە زۆرینەی کانی و کارێزەکانی هەرێم وشکیان
کردبوو و ئاستی بەنداوەکانیش دابەزینی بەرچاویان بەخۆیانەوە دیبوو.