سەردێڕ:

خواردنی جۆرێک دەرمانی ئازارشکێن بۆ ماوەیەکی درێژ ئەگەری بە جەڵتەی دڵی زیاد دەکات

PM:09:11:13/01/2022

8340 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی ژانەسەر و ئازاری پشت و جەستەدا زۆر کەس پەنا بۆ خواردنی دەرمانە ئازارشکێنەکان دەبەن، بەبێ ئەوەی راوێژ بە پزیشک بکەن، کە رەنگە هەندێکیان ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ و گیرانی بۆری خوێنی لێبکەوێتەوە.


رۆژنامەی ئێکسپرێسی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە، دەرمانی ئازارشکێنی ئیبۆپرۆفین جۆرێکی باوە و لە ناسترۆیدەکانە، زیاتر بۆ هەوکردنی ددان و ئازاری پشت و سوڕی مانگانە بەکاریدەهێنن، بە شێوەی حەب یان شروب دەستدەکەوێت.

ئەو دەرمانە ئەو هۆڕمۆنانەی بەرپرسن لە ئازار و ئاوساوی کەمدەکاتەوە و ماوەی کاریگەرییەکەی لەدوای ٢٠ خولەک لە خواردنی دەردەکەوێت، ئەگەر کەسێک رۆژانە و بە بەردەوامی بۆ ماوەیەکی درێژ ئەم دەرمانە بخوات، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵی لێدەکەوێتەوە وەک جەڵتەی دڵ و گیرانی بۆرییەکانی خوێن و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بەڵام ئەگەر ناوبەناو بخورێت هیچ مەترسییەکی نابێت.

دەستەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی بەریتانی (NHS) ئاماژەیان بەوەکردووە، بەردەوام خواردنی دەرمانی ئیبۆپرۆفین مەترسی زیانگەیاندن بە ناوپۆشی گەدەی لێدەکەوێتەوە وەک خوێنبەربوون، لەگەڵ زیان گەیاندن بە گورچیلە و دڵ.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، خواردنی ئەو دەرمانە بۆهەندێک کەس گونجاو نییە، ئەوانەی هەستیارییان بەو دەرمانە هەیە، لەگەڵ ژنانی دووگیان و هەندێک منداڵ، دەتوانن لە بری ئەوە دەرمانی پاراسیتامۆڵ بخۆن کە بۆ ئازاری سەر و گرژی ماسولکەکان بەکاردێت، ئەسپرینیش هەروەک ئیبۆپرۆفین وایە و دژە هەوکردنە و ناسترۆیدە.

ئ.ل













گەلەری