سەردێڕ:

باندێک بە تۆمەتی فرۆشتنی گورچیلە دەستگیرکران

PM:06:44:13/01/2022

5612 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە زاخۆ باندێکی شەش کەسی بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکران کە لەناویاندا فرۆشتنی ئەندامی جەستەی مرۆڤ بوونی هەیە و پارێزەرێکیش باس لەوەدەکات، ئەگەر تۆمەتەکەیان بەسەردا بسەپێندرێت ئەوا لانی کەم ١٠ ساڵ زیاندانی دەکرێن.


وەحید سندی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باندێکی شەش کەسی بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکران کە دوو کەسیان تۆمەتبارن بە فرۆشتنی ئەندامی جەستەی مرۆڤ و بەپێی زانیارییەکان گورچیلەی زیاتر لە ١٠ کەسیان لە زاخۆ فرۆشتووە.

باس لەوەشکراوە، لەناو تۆمەتبارەکاندا چەند کەسێکیان تۆمەتبارن بە بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر و ساختەکاری لە مۆری فەرمی دامودەزگاکان.

بەگوێرەی ئەو زانیارییەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئەو تۆمەتبارانە هاوڵاتییان بردووەتە سلێمانی و لە یەکێک لە نەخۆشخانە بەناوبانگەکانی سلێمانی نەشتەرگەرییەکەیان کردووە و پاشان لە زاخۆ فرۆشتویانە.

هاوکات، پارێزەرێک بەناوی ئیسماعیل کۆچەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گەر بێت و ئەو کەسانە تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغببێتەوە ئەوا هیچ کەسێکیان بە کەمتر لە ١٠ ساڵ زیندانی سزا نادرێن.

لەو بارەیەشەوە، عەلی عوسمان ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی زاخۆ بە میدیاکانی پارتی راگەیاندووە، چەند رۆژی پێشتر لە چەند چالاکییەکدا لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایش توانیویانە چەند کەسێک بەهەمان تۆمەت دەستگیر بکەن کە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ لەو کەسانە بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و لەگەڵ دەستگیرکردنیشیاندا بڕێک ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

وتیشی، یەکێکیشیان لەسەر هێنانی پارەی ساختە بۆناو بازاڕ کە بەنزیکەیی حەوت ملیۆن دینار بووە و دوو کەسیشیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤەوە دەستگیرکراون.

لەوبارەیەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کرد بۆ بەدەستخستنی زانیاری لەبارەی بابەتەکەوە، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک بدەن.













گەلەری