سەردێڕ:

هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک لە بەغداوە پشتیوانی لە داوای کارمەندانی کۆمسیۆن دەکات

PM:02:06:10/01/2022

3784 جار خوێندراوەتەوە

کارمەندانی ئۆفیسەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە شاری بەغدای پایتەخت گردبوونە و تیایدا داوای دامەزراندنی هەمیشەییانکرد. هاوکات، هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکیش پشتیوانی لە داواکەیان دەکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە، رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە چوارچێوەی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەرتاسەری وڵاتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدای پایتەخت کۆبوونەتەوە و داوا لە حکومەت دەکەن گرێبە ستەکانیان بۆ بکاتە دامەزراندنی هەمیشەیی.

ئاماژەی بەوەشدا، هەریەک لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانی عێراق رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر دامەزراندنی کارمەندەکانی کۆمسیۆن و کردنییان بە هەمیشەیی.

رێبوار ئەوڕەحمان ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان هاتوون تا لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و دۆسییەکەیانبن و بەدواداچوونی بۆ بکەن، چونکە بەشێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێکراوە و بەشێکی دیکەیان جێبەجێنەکراوە.

باسی لەوەشکرد، کێشەی کارمەندانی کۆمسیۆن یاساییە و ئەوان لە رێگەی هاوپەیمانی لە پێناو خەڵکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن و لە پەرلەمان کەیسەکە دەجوڵینن و بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرز دەکەنەوە.

نوێنەری کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵا لە پارێزگای هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان هاتوون گرێبەستەکانیان بە گوێرەی بڕیاری ٢٨٤ی ساڵی ٢٠٢١ بکرێتە دامەزراندنی هەمیشەیی.

وتیشی، ئەوان دوو رۆژە گردبوونەوە و خۆپیشاندان سازدەکەن و جگە لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ هیچ لایەنێکی دیکە نەچوون بە دەم داواکانیانەوە.

کارمەندێکی دیکەی کۆمسیۆنی باڵا کە لە پارێزگای سلێمانییەوە بە مەبەستی گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە بەغدا ئامادەبوو، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا لە کۆمسیۆن دوو شێوازی جیاواز گرێبەست هەن، بەشێکیان بەشێوەیەکی هەمیشەیی دامەزراون و بەشێکی دیکەیان گرێبەستی هەڵبژاردنیان هەیە.

وتیشی، بڕیاری ژمارە ٢٨٤ لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشێکیان باس لە دامەزراندنی هەمیشەیی کارمەندان دەکات، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەشێک لە کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەشێوەی گرێ بەستی کاتی و تەنها لەکاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کۆمسیۆن دەوام دەکەن، بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە ئەم کارمەندانە بەشێکیان دەگۆڕدرێن و کارمەندی نوێ دەخرێنە شوێنەکانیان، بەمەش جگە لەوەی بەردەوام کۆمسیۆن پێویستی بە کارمەندی هەمیشەیی هەیە، بەشێک لە کارمەندەکانی ناتوانن بەردەوامبن لەکارەکانیان بە هۆکاری گرێبەستە کاتییەکە.













گەلەری