سەردێڕ:

زانیاری نوێ لە بارەی پرۆسەی خوێندن لەوەرزی دووەمدا

AM:09:29:10/01/2022

15336 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی بە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای راگەیاندووە پرۆسەی خوێندن بەردوامبێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، وەرزی یەکەمی خوێندن بە سەرکەوتوویی تەواو بووە و بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی کە ئاراستەی لیژنەی باڵای روبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای کردووە پرۆسەی خوێندن لەناو ھۆڵەکانی خوێندندا بەردوامبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لەمڕۆوە تا رێکەوتی ٢٠ی ئەم مانگە ھەڵسەنگاندن بۆ بازنەی یەکەمی پۆلە ناکۆتاکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی و تاقیکردنەوەی نوسینەکی کۆتایی وەرزی یەکەم بۆ پۆلەکانی چواری بنەڕەتی تا قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەستی پێکردووە و بەردەوامدەبێت.
وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، "لە پێناو سەرکەوتنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان و پاراستنی تەندروستی ھەموو لایەک داوامان کردووە سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران ماسک ببەستن و پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزیبن".
لەبارەی ئەوەی بەشێک لە قوتابخانەکان لە کابینەدا دەوام دەکەن و بەشێکی دیکەیان نەوتییان پێنەگەیشتووە، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی ھەرێم  وتی، حکومەتی ھەرێم بڕی زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی سپی بە بەھای نزیکەی چوار ملیار دینار بۆ قوتابخانەکان دابین کردووە. 
وتیشی، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکانی ھەرێم   بڕی نەوتی پێویستی خۆیان وەرگرتووە و تەنانەت نەوتی ساڵی رابردووش ماوەتەوە.
باسی لەوەشکرد، کوردستان ساڵانە پێویستی بە دروستکردنی ٢٠٠ قوتابخانە ھەیە. 
وەزیری پەروەردەی ھەرێم ئاشکراشی کرد، لە کوردستان کێشەی خراپی دابەشکردنی قوتابخانە ھەیە، بۆیە پێویستە قوتابخانەکان بەگوێرەی چڕی دانیشتوانی ناوچەکان بێت. 
ئەمە لەکاتێکدایە، ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای چەندین قەیرانی ئابوری بازرگانی سیاسی و ئازادی میدیایی و بێ کاری، ساڵانە لەکەرتی پەروەردە قەیرانی نەبوونی سوتەمەنی بۆ قوتابخانەکان و نەبوونی بینای پێویست وای کردووە بەشێک لە قوتابخانەکان زیاد لە دەوامێیکان تێدا بکرێت، جگە لە وەی بەشیک لە قوتابخانەکان ژامارەی خوێندکار تێیاندا زۆرە.












گەلەری