سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: یەکێتیی و پارتی شتێکیان نەکردووە شایەنی باسکردن بێت

PM:08:02:08/01/2022

2556 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا لە بەغدا کاتی بەشکردنی پۆستەکانە و وەک هەموو جارەکانی دیکە پارتی و یەکێتیی لە بەغدان تاوەکو پشکی خۆیان لە کێکی دەسەڵاتدا وەربگرن بێ ئەوەی داواکاری خەڵک بکەن بە کاری لەپێشینەیان، لەوبارەیەوە کاوە عەبدولقادر دەڵێت، "لە کابینەکانی رابردوودا یەکێتیی و پارتی شتێکیان نەکردووە شایەنی باسکردن بێت."


کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبووک بابەتێکی بەناوی "پارتی و یەکێتیی بۆچی بەشداری حکومەتی عێراق دەکەن؟" بڵاویکردەوە و تیایدا هاتووە، "خەڵکی کوردستان پێویستە لە چەند رۆژی داهاتوو چاودێر بێت بەسەر بارودۆخی عێراق و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی ئایندەی عێراق و بەشداری لایەنەکان بە تایبەتیش پارتی و یەکێتیی کە لەئێستادا هەروەک کابینەکانی رابردوو بڕیاریان داوە بەشداری حکومەتی داهاتوو بکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئایا مەرجی بەشداریکردنی پارتی و یەکێتیی جێگیرکردنی مافی موچەخۆرانە لە بودجەی گشتی عێراق و هاوتاکردنی موچەی پێشمەرگەیە لەگەڵ سوپای عێراق وەک بەشێک لە پێکهاتەی بەرگری عێراق و جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) و گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەبێت؟ یانیش وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازی ماددی وەک لە رابردوو بینیمان؟"

کاوە عەبدولقادر باسی لەوەشکردووە، "لە کابینەکانی رابردوودا یەکێتیی و پارتی تەنها بەدوای وەرگرتنی پارە و پۆستەوە بوون و شتێکی ئەو تۆیان نەکردوە کە شایەنی باسکردن بێت، تەنانەت نەیانتوانیوە یەک بست لە خاکی ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان بگەڕێننەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان."

ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی زۆرێک لە پۆستە گرنگ و سیادیەکانی بەغدایان بەدەستەوە بووە، بەڵام بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە نەک چارەسەری کێشەکانی خەڵک لە ئێستاشدا سەرقاڵی دابەشکردنی پۆست و ئیمتیازاتەکانن بێ ئەوەی گرنگی بە کێشە و داخوازیەکانی موچە و موچەی پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ و کێشەکانی خەڵک بدەن.

تا ئێستا نەوەی نوێ وەک یەکەم هێزی کوردی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی راگەیاندووە و ئامادەنییە هیچ پلە و پۆستێک لە حکومەتی نوێی عێراقدا وەربگرێت، نەوەی نوێ بە هاوبەشی لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆدا یەکەم هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنیان بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید لە عێراقدا پێکهێنا.













گەلەری