سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکى پارتى: نەوەى نوێ ئامادەنەبوو لەگەڵ یەکێتیی و پارتیدا بچێتە بەغدا

PM:05:51:08/01/2022

3232 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکى پارتى بۆ خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، نەوەى نوێ ئامادەنەبوو لەگەڵ یەکێتیی و پارتیدا بە شاندێک بۆ بەشدارى کابینەى نوێ بچێتە بەغدا و ئۆپۆزسیۆن بوونى خۆى راگەیاندووە.


مەحما خەلیل پەرلەمانتارى پارتى بۆ خولى پێنجەمى پەرلەمانى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى مەعلومەی راگەیاندووە، "سیناریۆى پاڵپشتیکردنى لایەنێکى شیعەکان لەسەر حسابى لایەنێکى تر کارێکى مەحاڵە و پارتی هێشتا چاوەڕوانى سازانى لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی و رەوتى سەدرە."

ئاماژەى بەوەشکردووە، یەکێتیی و پارتى لەسەر ئەوە رێککەوتوون بە شاندێکى هاوبەش بچنە بەغدا و نەوەى نوێش رەتیکردووەتەوە لەگەڵ ئەواندا دانوستان بکات و ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆى راگەیاندووە.

مەحما خەلیل باسى لەوەشکردووە، لە ئەگەرى سازانى شیعەکاندا بۆ بەشداریکردن لە کابینەى داهاتوودا یەکێتیی و پارتى بە یەکگرتوویی دەچنە بەغدا و پێکەوە روبەڕوی ئاڵنگەرییەکان دەبنەوە و لەیەک دانابڕێن.

هەر لەسەرەتاى راگەیاندنى ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، نەوەى نوێ وەک لایەنى براوەى دووەمى هەڵبژاردنەکە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان پاکێچێکى چاکسازى کردنى لە دەسەڵاتى سیستمى سیاسى هەرێمى کوردستاندا راگەیاند.

بەپێى پاکێجەکەی نەوەى نوێ، مەرجى بەشداریکردنى لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بۆ بەغدا بەستەوە بە چاکسازیکردنى کردارەکى و خێرا لە هەرێم و کارکردن لەسەر پرسى موچە و بودجە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، نەک بەرژەوەندیی تایبەتى و هەڵپەى وەرگرتنى پۆستەکان، بەڵام لایەنى دەسەڵات وەڵامى پاکێجەکەی نەوەى نوێیان نەدایەوە.













گەلەری