مانگی سوری لیبیا رایگەیاند، لە خۆرئاوای ئەو وڵاتە تەرمی ٢٧ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە نیازی گەیشتنیان ھەبووە بە ئەوروپا. دەشڵێت، "لە نێویشیاندا منداڵێک و دوو ئافرەت ھەن".
ئەمڕۆ دووشەممە، مانگی سوری لیبیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، شەپۆلەکانی دەریا تەرمی ٢٧ کۆچبەری ھێناوەتە کەناراوەکان.
دەشڵێت، ھێزەکانیان توانیویانە سێ کۆچبەریش رزگاربکەن.
مانگی سوری لیبیا لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، گەڕان بە شوێن کۆچبەری دیکەشدا بەردەوامە و پێدەچێت ژمارەی کۆچبەران زیاتر بن.
ئاشکراشی کرد، ھێشتا ناسنامەی ئەو کۆچبەرانە نازانرێت و گەڕان بە شوێن ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان بەردوامە.