سەردێڕ:

ئەمشەو پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕ تی بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە ڕادەگیرێت

AM:09:52:15/09/2026

300 جار خوێندراوەتەوە

پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەوەوە بە مەبەستی ڕێکخستنەوە، نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی پڕۆژە میدیاییەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی رادەگیرێت.


ڕاگرتنی پەخشی کەناڵەکە لە کاتێکدایە کە ئێن ئاڕ تی بەرەو ١٦یەمیین ساڵی تەمەنی هەنگاو دەنێت، دەزگاکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم وەستانە کاتییە و لە وەرزی نوێدا بە بەرنامە و پڕۆگرامی جیاوازتر و بەهێزترەوە دەگەڕێتەوە ناو بینەرانی.

دەزگایی میدیایی نالیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، پەخشی سەرەکیی کەناڵەکە بەمەبەستی ئەنجامدانی کارەکانی نۆژەنکردنەوە وفراوانکردنی زیادکردنی پڕۆژەکە بۆ ماوەیەک ڕادەگیرێت.

ئەم بەرزکردنەوە و نوێکردنەوە تەکنیکییە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کەناڵەکە لە ١٦یەمیین ساڵی دامەزراندنی؛ کە لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١وە دەستی بە پەخش کردووە.

ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە مێژووی کاری میدیایی خۆیدا پێشتریش چەند جارێک بۆ ئامادەکاریی وەرزی نوێ پەخشی ڕاگرتووە، بەڵێنیش دەدات لە ئایندەیەکی نزیکدا بە کۆمەڵێک پرۆگرامی جیاوازتر و بەهێزترەوە بگەڕێتەوە بەردەم بینەران.













گەلەری