سەردێڕ:

سوپای پاسداران: درۆنێکی ئەمریکامان لە گەرووی هورمز خستە خوارەوە

AM:09:30:15/09/2026

264 جار خوێندراوەتەوە

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەر بە هێزی ئاسمانی و بۆشایی سوپاکەیان توانیویەتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاسمانی رۆژئاوای گەرووی هورمز، درۆنێکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری MQ1 دەستنیشان بکات و بیخاتە خوارەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەژێر سەرپەرشتی و کۆنترۆڵی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی ئێراندا ئەنجامدراوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بە رووداوێکی دیکەی ناوچەکە کردووە و رایگەیاندووە، نەوتهەڵگری "ئێل گایا" هەوڵیداوە لە رێڕەوی نایاسایی و قەدەغەکراوی باشووری گەرووی هورمزەوە تێپەڕبێت، بەوهۆیەوە بەر مینێکی دەریایی کەوتووە و گڕی گرتووە؛ جەختیشیکردووەتەوە کە سەرەڕای هەوڵەکان ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و تەواوی تانکەرەکەی گرتووەتەوە.


سوپای پاسداران وێڕای بیرهێنانەوەی هۆشدارییەکانی پێشووی سەبارەت بە مەترسیی تێپەڕین لەو رێڕەوە، راشیگەیاند کە لە ئێستادا گەرووی هورمز بە تەواوی داخراوە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئێراندایە.

لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" قسەکانی ئێرانی رەتکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو نەوتهەڵگرە بەهۆی مینەوە ئاگری نەگرتووە، بەڵکو لەلایەن ئێرانەوە بە درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و پێکراوە.












گەلەری