سەردێڕ:

عێراق و تۆتاڵ رێککەوتنی هاوردەکردنی گازی شلیان بۆ وێستگەکانی کارەبا واژۆ کرد

PM:09:17:14/09/2026

568 جار خوێندراوەتەوە

لە شاری پاریس و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی کارەبای عێراق لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیزی فەڕەنسی بنەماکانی رێککەوتنێکی بۆ دابینکردنی گازی شل واژۆ کرد.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، رێککەوتنەکە زەمینە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان بە مەبەستی راکێشانی پلاتفۆرمێکی سەرئاوکەوتوو بۆ بەندەرەکانی پارێزگای بەسرە تاوەکو گازی شل وەربگرێت، دواتریش بیگۆڕێتەوە بۆ باری گازی و لە رێگەی تۆڕی بۆرییە نیشتمانییەکانەوە بیگوازێتەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش بە ئامانجی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی سووتەمەنی و زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران، عەلی سەعدی وەهیب وەزیری کارەبا لە بارەگای کۆمپانیاکە لە پاریس بنەماکانی رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیز واژۆ کرد.

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم لێکتێگەیشتنە سەرەتاییە رێگە خۆش دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی دانوستانەکان لەسەر جێگیرکردنی پلاتفۆرمێکی سەرئاوکەوتوو لە بەندەرەکانی پارێزگای بەسرە، ئەرکی ئەم پلاتفۆرمە وەرگرتنی گازی شلکراو و رێکخستنەوەی دەبێت بۆ باری گازی، تاوەکو لە رێگەی تۆڕی بۆریی نیشتمانییەوە ئاڕاستەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بکرێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی وەزارەتدایە بۆ سەقامگیرکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردنی وێستگەکان، کە راستەوخۆ رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان.













گەلەری