مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد و تاوتوێی ئاسایشی ناوچەکەیان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ستیڤن فەیگن کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کردووە، بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بارزانی جەختی لە کۆنترۆڵکردنی هێزە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێم کردووەتەوە، لە کاتێکدا لایەنی ئەمریکی پشتیوانیی واشنتنی بۆ ئاسایش و ئابووریی عێراق دووپاتکردۆتەوە.
فەیگن ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا پاڵپشتی لە عێراقێک دەکات کە گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمیی حکومەت چەکدار نەبن، تاوەکو دەرفەتی سەقامگیریی سیاسی بێتەدی.
لای خۆیەوە بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت و پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن لە هەموو ئەو هەنگاوانەی لە چوارچێوەی دەستوور و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گەندەڵیدا دەبن.
بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، هەمیشە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر و بەشێک نەبووە لەو کێشانەی لەسەر ئاستی هەرێمایەتیدا هەن.