PM:05:54:14/09/2026
460 جار خوێندراوەتەوە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق بەپێی وادە یاساییەکان لە ١٥ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧ دەنێرێتە پەرلەمان.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە ١٥ـی تشرینی یەکەمی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٧ دەنێردرێتە پەرلەمان، لە کاتێکدا جیاوازی لەنێوان حکوومەت و کۆمپانیای سۆمۆ لەسەر دیاریکردنی نرخی بەرمیلێک نەوت (لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٥ دۆلار) هەیە، هاوکات پرسی دامەزراندنی دەرچووانی کۆن و جێگیرکردنی گرێبەستەکانیش بەستراوەتەوە بە رەوشی ئابووریی وڵاتەوە.
دەربارەی
نرخی خەمڵێنراوی نەوت لە بودجەکەدا، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتی، تا ئێستا نرخەکە
یەکلانەبووەتەوە و پێشنیازەکان لەنێوان ٥٠ بۆ ٦٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەسووڕێنەوە،
لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرس ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیای خستنەڕووی نەوت (سۆمۆ)
پێشنیازی کردووە نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٥٥ دۆلار ئەژمار بکرێت، بەڵام وەزارەتی
دارایی و حکوومەت بۆچوونێکی دیکەیان هەیە و رەنگە رێگەچارەیەکی ناوەند بگرنەبەر بە
دیاریکردنی نرخەکە لەنێوان ٦٠ بۆ ٦٥ دۆلاردا.
لە
لایەکی دیکەوە و دەربارەی پرسی دامەزراندن و جێگیرکردنی دامەزراندنەکان، ئەندامەکەی
لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی بەڵێنیان بە توێژە جیاوازەکان
داوە بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی دەرچووانی کۆن، بەڵام
بارودۆخی ئابووریی وڵات بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە دەدات.