سەردێڕ:

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کارەبای عێراق بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا درا

PM:02:14:14/09/2026

632 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، بە تۆمەتی زیادکردنی سەروەت و سامان بە شێوەیەکی نایاسایی، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەند دەرکرد، و پابەندیشی کرد بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە ٢٥ ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، دادگای تایبەت بە تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ سزادراو (عەلاء سەمیر راشد) دەرکردووە، بەپێی ماددەی (١٩/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا (ژمارە ٣٠ـی ساڵی ٢٠٠١ـی هەموارکراو).

لە بڕیاری دادگاکەدا هاتووە، سزادراوەکە پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی (پێنج ملیار و ٥٢٤ ملیۆن و ١٣٥ هەزار دیناری عیراقی) لەگەڵ (پێنج ملیۆن و ٥٣٨ هەزار و ٥٩٣ دۆلاری ئەمریکی)، جگە لە سەپاندنی سزایەکی دارایی بە هەمان بڕ، کە بە کۆی گشتی هەردوو بڕەکە دەکاتە ٢٥.٧ ملیار دینار.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری دادگا پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی گشت ئامراز و مڵکە گوازراوە و نەگوازراوەکانی سزادراوەکەی لەخۆگرتووە، لەگەڵ بەخشینی ماف بە دەستەی دەستپاکی بۆ داواکردنی قەرەبووکردنەوە لە زیانەکان دوای یەکلابوونەوەی کۆتایی بڕیاری دادگا.













گەلەری