سەردێڕ:

ئاسایشی هەرێم وردەکاری هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆی سلێمانی ئاشکرا کرد

AM:10:53:14/09/2026

876 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە پێنج مووشەك هێرشكرایە سەر زڕگوێزەڵە، شارەزوور و قەرەداغ. هێرشەكان تەنها زیانی ماددییان لێ كەتووەتەوە، هاوکات داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە پاشماوەی مووشەكەكان دوور بكەونەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سێ مووشەک ئاراستەی ناوچەی زڕگوێزەڵە کراون، هاوکات مووشەکێکی دیکە لە نزیک گوندی گورگەچیا لە سنووری ناحیەی سیروان کەوتووەتە خوارەوە.

سەبارەت بە مووشەکی پێنجەم، دەزگای ئاسایشی هەرێم روونیکردەوە، مووشەکەکە لە نێوان گوندەکانی داری زاین و میراسی خواروو لە قەرەداغ کەوتووەتە خوارەوە.

لەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە، دەزگاکە جەختیکردەوە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

لە کۆتاییدا، دەزگای ئاسایشی هەرێم داوای لە هاوڵاتیان کرد لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی خۆیان، لە شوێنەکانی کەوتنی مووشەکەکان نزیک نەبنەوە و دەستکاری پارچە و پاشماوەکانی مووشەک و درۆنەکان نەکەن.













گەلەری